رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان رایگەیاند، لە چوار رۆژی رابردوودا دوو هەزار و 35 هێکتار لە دارستانەکانی ئەو شارە سووتاون.
ئەنجوومەنی سەوزی چیا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، بە مەزەندەی شارەزایانی ئەو ئەنجوومەنە لە دەوروبەری گوندەکانی دەرەوەران، نەچێ، هەنجیران، هانەشێخان و مێرگەدرێژ هەزار و 86 هێکتار دارستان سووتاوە. هەروەها لە دەوروبەری گوندەکانی ماسییەر، کۆڵیت و گومارەلەنگ ئاگر 304 هێکتار دارستانی سووتاندووە. لە دەوروبەری گوندەکانی ئاسنەوە، مڕانە و بایەوەش 645 هێکتار دارستان سووتاوە.
بێهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانی سنە دوێنێ شەممە رایگەیاند، 450 هێکتار دارستان سووتاوە.
لە رۆژی پێنجشەممە، 03-08-2023ـەوە ئاگر لە سێ شوێنی دارستانەکانی مەریوان بەربوو و بە هەوڵی هاونیشتمانییان و ژینگەپارێزانی خۆجێیی مەریوان و شارەکانی دیکە کۆنترۆڵکرا. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی مەریوان و سێ هێلیکۆپتەری سەربازیش لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا بەشدار بوون.
حوسێن حوسێنی، بەڕێوەبەری دادی پارێزگای سنە ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرگرتنی دارستانەکانی مەریوان دەکەن و هەر کەسێک بە ئەنقەست یان بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بووبێتە هۆکاری ئاگرگرتنیان، سزا دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی چالاکڤانان و ژینگەپارێزانی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، سبەی سێشەممە بە دژی کەمتەرخەمی حکومەت لە پاراستنی دارستانەکان، لە مەریوان و شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ