رووداو دیجیتاڵ
محەممەد مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی دەڵێت، پێویستە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئازاد بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی ئاکپارتی لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە شەوی چوارشەممە 7-8-2025 پەخشکرا، جەختی لەسەر چالاکبوونی لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان کردەوە و گوتی، "لەم ساتە بەدواوە، هێشتنەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ژوورەوە، راست نییە. من بێ ئەوەی تیشک بخەمە سەر پرۆسەی دادگەیی ئەم قسەیە دەکەم".
مەتینەر هەروەها رایگەیاند، ئەگەر دیدارە مەزنەکە بکرێت کە لەو باوەڕەدایە بکرێت، پێویستە بزانن یەکدی ببەخشن. یەکێک لەو کەسایەتییانەی مانادارترین رۆڵی ئەرێنی لە پرۆسەکەدا دەبێت، سەلاحەدین دەمیرتاشە.
مەتینەر گوتی، "من لە گرتووخانە ماوەی نزیکەی دوو کاژێر و نیو لەگەڵی دانیشتم. بەڕاستی مانەوەی لەمە زیاتر لە گرتووخانە، بێ مانایە".
مەتینەر هەروەها بە پێویستی زانی ئەمجارە لیژنە پەرلەمانیی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، سەردانی ماڵباتی سەربازانی کوژراوی سوپای تورکیا و ماڵباتی ئەو گەریلایانە بکات کە گیانلەدەستداوە. بەتایبەتیش داوای لە دەم پارتی کرد کە سەردانی دایکی سەربازانی کوژراویش بکەن.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە تشرینی دووەمی 2018 داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوکاتە گوتی، "ئەم بڕیارە ئێمە پابەند ناکات" و ئەنقەرە جێبەجێی نەکرد. هەروەها ئەیلوولی 2019 دەمیرتاش لە دۆسیەیەکی نوێ لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێ تۆمەتبارکرا و درایە دادگە".
وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپا بڕیاریاندا و بە پێویستیان زانی دەمیرتاش ئازادبکرێت. کانوونی دووەمی 2020یش بڕیارەکەیان دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا بە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە، پێشێلکاریی کردووە. بەڵام ئەمەش بێهودە بوو و تورکیا پێداگر بوو لەسەر هێشتنەوەی دەمیرتاش لە گرتووخانە.
لیژنەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپا کە چاودێری دۆسیەکە دەکات، تاوەکو ئەیلوولی 2023 مۆڵەتی دابوو بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش. لیژنەکە دەڵێت ئەگەر لەم ماوەیەدا دەمیرتاش ئازاد نەکرێت، رێوشوێنی دیکە دەگرنەبەر، بەڵام دەمیرتاش هێشتا لە گرتووخانەیە.
تورکیا 18ـی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە.
بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا راستەوخۆ و وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ