نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی: هیچ خێزانێک لە کۆبانێوە نەهاتووەتە سلێمانی

07-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی رایگەیاند ئەوان ئاگاداری هاتنی 47 خێزان لە شاری کۆبانێوە بۆ سلێمانی نین و دەڵێت، "ئەگەر هەر خێزانێک یان کەسێک بێت، لای ئێمە تۆمارنەکرێت هیچیان لەبارەوە نازانین." بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی سلێمانیش دەڵێت، "هیچ خێزانێک لە کۆبانێوە نەهاتوونەتە سلێمانی."
 
فەتحوڵڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لەبارەی گەیشتنی 47 خێزان لە شاری کۆبانێوە بۆ هەرێمی کوردستان و دەستگیرکردنیان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ خێزانێک لە کۆبانێوە نەگەیشتوونەتە سلێمانی، ئەوەی ئێمە ئاگاداربین؛ بۆیە ئەگەر هەر کەس یان خێزانێک بگاتە سلێمانی، دەبێت ئاگادارمان بکاتەوە، ئێمە ئاگاداری ئەوە نین کەس هاتبێت و دەستگیرابێت."
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 6ی ئەیلوول وا بڵاوکرایەوە گوایە 47 خێزانی کۆبانێ گەیشتوونەتە سلێمانی و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و بە پاساوی بەزاندنی سنووری خاکی هەرێمی کوردستان بەشێوەی نایاسایی و بڕیارە رادەستی عێراق بکرێنەوە.
 
خالید باباڕەسوڵ، بەرپرسی کۆچ و کۆچبەران لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو وێڕای رەتکردنەوەی گەیشتنی ئەو خێزانانە، گوتی، "یەکەم لایەنین دەبێت لەو بابەتە ئاگاداربین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچمان لەبارەی گەیشتنی هیچ خێزانێک لە کۆبانێوە بۆ سلێمانی پێنەگەیشتووە."
 
کۆبانێ یەکێکە لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان لە دیوی چەپی رووباری فورات، نزیکی سنوورەکانی تورکیایە، لەدوای قامشلۆ و عەفرین سێیەم گەورە شاری كوردە، زۆربەی دانیشتووانەکەی كوردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە