رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی دووەمی سەندیکای مامۆستایانی پەروەردە و زانست لە ئامەد رایگەیاند، کە ئامەد پێویستی بە 7 تا 8 هەزار مامۆستای نوێ هەیە و ئەم ساڵ 470 هەزار قوتابی و 25 هەزار مامۆستا روو لە قوتابخانەکان دەکەن و گووتی، لە ئامەد نزیکەی 16 هەزار پۆلی خوێندن هەن، بەڵام بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانی ئامەد و ستانداردە جیهانییەکان، ئەم ژمارەیە کەمە.
عیرفان دەنیز، سەرۆکی لقی دووەمی سەندیکای مامۆستایانی پەروەردە و زانست لە ئامەد، لەمیانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە دۆخی پەروەردە لە ئامەد کرد و گوتی، "نزیکەی 470 هەزار منداڵ تەنیا لە ئامەد دەست بە ساڵی خوێندنی 2025-2026 دەکەن و 25 هەزار مامۆستاش لەم ساڵەدا وانە دەڵێنەوە. بەڵام کێشەی سەرەکیی ئەم خوێندکارانە و سەرجەم خوێندکارانی کورد لە تورکیا ئەوەیە، کە بە زمانی خۆیان ناخوێنن. دەنیز رایگەیاند، "گەورەترین ئاواتمان ئەوەیە کە منداڵەکانمان، وەک منداڵانی دیکەی جیهان، بە زمانی خۆیان پەروەردە بکرێن."
ئەمە داواکارییەکی کۆنە کە زۆر جار لەلایەن دامەزراوە و رێکخراوە کوردییەکانەوە هێنراوەتە ئاراوە. بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی تورکیا، زمانی فەرمیی پەروەردە تورکییە و بە کوردی تەنیا وەک وانەی هەڵبژاردە دەتوانرێت پەروەردە بکرێت، ئەویش لە هەندێک قوتابخانەی تایبەتدا.
عیرفان دەنیز هەروەها سەرنجی خستە سەر کەمیی مامۆستا و قەرەباڵغیی پۆلەکان و گوتی، "بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان، دەبێت لە هەر پۆلێکدا 20 خوێندکار هەبن، بەڵام لە زۆر شوێن زیاتر لە 30 تا 50 خوێندکار لە یەک پۆلدا هەن." ئاماژەی بەوەدا کە بە گوێرەی ستانداردی جیهانیی بێت، ئامەد پێویستی بە 7 بۆ 8 هەزار مامۆستای دیکە هەیە."
ئەم دۆخە پاش بوومەلەرزە گەورەکەی 6ی شوباتی 2023، کە کاریگەرییەکی قورسی لەسەر ئامەد و شارەکانی دیکەی ناوچەکە هەبوو، زیاتر خراپ بووە. زۆر لە قوتابخانە و باڵەخانە رووخان و بەپێی پێویست قوتابخانەی نوێ دروست نەکراون. هەروەها لە هەندێک شوێنیش ژمارەی خوێندکاران کەمە، چونکە خەڵک منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانە.
سەرۆکی لقی دووەمی سەندیکای مامۆستایانی پەروەردە و زانست لە ئامەد دەڵێت، لە ئامەد نزیکەی 16 هەزار پۆلی خوێندن هەن، بەڵام بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانی ئامەد و ستانداردە جیهانییەکان، ئەم ژمارەیە کەمە. لە تەواوی تورکیادا تەنیا 10 هەزار مامۆستا بۆ یەکەم جار دامەزراون، کەچی تورکیا پێویستیی بە دامەزراندنی 700 هەزار مامۆستای نوێ هەیە.
مووچەی مامۆستایان و بەرزبوونەوەی نرخەکان
کێشەیەکی دیکەیش دۆخی ئابووریی مامۆستایانە. بە گوێرەی قسەکانی دەنیز، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە تورکیادا، 88 هەزار لیرە بۆ ژیانێکی ئاسایی پێویستە، بەڵام مامۆستا 45 تا 60 هەزار لیرە وەردەگرێت. "ئەم کەمیی مووچەیە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هاندان و کارایی مامۆستایان هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ