رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لەبارەی رووداوی تەقینەوەی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێکی پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان "لێكۆڵینەوەیەکی ورد" لە رووداوەکەدا بکەن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەربەستیی هەولێر تەقییەوە، بەهۆیەوە هاوکار عەبدوڵڵا رەسوول، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەیش بریندار بوون.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی تەقینەوەکە بە رووداوی گوت: "دوای رووداوەکە دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و دژەتیرۆر و ئاسایش و پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریخست کە بۆمب بە ژێر ئۆتۆمبێلەکەوە لکێندرابوو."
ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ئەمڕۆ هەینی 07-10-2022، لە روونکردنەوەکەیدا داوای کردووە کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان "راستیی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەرییان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن."
دەقی راگەیێندراوەکەی دەزگای زانیاریی یەکێتی:
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 7ی تشرینی یەکەمی 2022 لە رووداوێکی نەخوازراودا لە شاری ھەولێر، ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێز عەقید ھاوکار عەبدوڵا ناسراوبە ( ھاوکار جاف )کرایە ئامانج و بەداخەوە شەھیدکرا.
شەھید ھاوکار كە پێشتر لە ئەرک و فەرمانی رەسمیدابوو رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ھێزەکانی دژەتیرۆر و بواری ئەمنیدا و خزمەتی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کردووە.
وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان دەکەین کە نموونەیەکی بەرزی قوربانیدانن، ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، داواش دەکەین لە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم لە لێکۆڵێینەوەکانیاندا وردبن و راستی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشکرابکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن.
ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ