رووداو - هەولێر
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە ئامەد رەخنەی تووند لەو "دەقە پووختکراوە" دەگرێت کە لەبارەی دیدارەکەی ئیمراڵی بەسەر ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا دابەشکراوە و دەڵێت: "هیچ بەهایەکی نییە."
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پوختەی کۆنووسە کرد کە رۆژی پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا بڵاوکرایەوە.
چاندار سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو نووسراوە گوتی: "پێویستە ئەو پوختەی کۆنووسەی لە کۆمیسیۆنەکەدا دابەشکراوە فڕێبدرێتە زبڵدانەوە؛ هیچ بەهایەکی نییە."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی پشتیوانیی لە لێدوانەکەی گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی کۆمیسیۆنەکە کرد، کە رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو: "ئەمە پوختەی کۆنووسێک نییە کە رەنگدانەوەی ئەو دیدارە بێت کە لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کراوە."
سەرباری رەخنەکان، جەنگیز چاندار دۆخەکە بە "رووداوێکی سەر رێگە" ناودەبات و پێیوایە نابێتە هۆی وەستانی پرۆسەکە.
چاندار گوتی: "لەم رۆژانەی دواییدا لە رەوتی کارەکانی کۆمیسیۆنەکەدا حاڵەتێکی پەککەوتن بەدی دەکرێت. نوعمان کورتوڵموش کە سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنەکە دەکات، دەڵێت کارەکان چوونەتە نێو مەترسیدارترین و هەستیارترین قۆناخەوە، بۆیە دەبێت لە پێشەوە ئەوە قبووڵ بکەین کە رووداوی لەم شێوەیە روودەدەن. با ئەمەش بە رووداوێکی سەر رێگە دابنێین."
رۆژی پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەم، لە 19یەمین کۆبوونەوەی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی"ـی پەرلەمانی تورکیا، بەشێک لە وردەکاریی ئەو دیدارە خوێندرایەوە کە رۆژی 24-11-2025 شاندێکی سێ کەسیی کۆمیسیۆنەکە لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کردبوویان.
لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە خستنەڕووی پێشنیازەکان بۆ رێکخستنە یاساییەکان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەی ئیمراڵی کرد.
پووختەی دیداری ئۆجەلان کە لە کۆبوونەوەکەدا خوێندرایەوە:
"لە دیدارەکەدا، ئۆجەلان سەرەتا رایگەیاندووە، بە گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، خزمەتێکی گەورە بە سیستەمی 100 ساڵەی پەیوەندییەکانی تورک و کورد کراوە و ئازایەتییەکی دەگمەنی لە مێژووی کۆماردا نیشانداوە و سوپاسی کردووە، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رێزدار رەجەب تەیب ئەردۆغان ـی سەرۆککۆمار دەربڕیوە بۆ ئەو ئازایەتییەی لە پرۆسەکەدا نیشانیداوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رایگەیاندووە، لە سەرەتای پرۆسەکەوە پابەندی بەڵێنەکانی بووە و ئەگەر هەلومەرج لەباربێت، توانای تیۆری و کردەیی هەیە بۆ جێبەجێکردنی. هەروەها بە درێژی باسی لە پاشخانی مێژوویی کردووە و بە ئاماژەدان بە زیا گۆکئاڵپ، جەختی لە گرنگیی برایەتیی تورک و کورد کردووەتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گوتوویەتی وازی لە رێبازی چەکداری هێناوە و رێبازی سیاسیی گرتووەتەبەر و لە چوارچێوەی بانگەوازی 27ـی شوباتدا، هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێکهاتەکان، هەموو باڵەکانی پەکەکە و وازهێنان لە چەک، لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشوازییەکی باشی لێکراوە، خەڵک چاودێریی ئەم پێشهاتە دەکات و خۆی لە سووریا و عێراقیش کاریگەریی هەیە.
لەم کاتەدا، فەتی یڵدز (نوێنەری مەهەپە) بیریهێنایەوە کە ئەو وەکو پارێزەری خانەوادەی شەهیدان لەو دۆسیەیەدا ئامادەبووە کە ئۆجەلان تێیدا سزادراوە، لە بەرامبەردا ئۆجەلان رایگەیاند، "من پابەندی ئەو بەڵێنانەم کە لەو پرۆسەیەدا داومن، کە بە تەوقەکردنەکەی دەوڵەت بەگ دەستیپێکرد."
حوسێن یایمان (نوێنەری ئاکپارتی)، بە ئۆجەلانی گوتووە، بە هەستیاریی خانەوادەی شەهیدانەوە هاتووەتە ئەوێ، لە بەرامبەردا عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، گیانلەدەستدانی هەر سەربازێک بۆ ئەو تراژیدیایە، هەرگیز پێی دڵخۆش نەبووە و پێویستە گەنجان بەو شێوەیە نەمرن. راشیگەیاندووە، پێویستە بە دڵنیاییەوە لە تورکیا و ناوچەکە بگەنە چارەسەری و نیگەرانیی خۆی بۆ هێرشەکەی سەر تووساش دەربڕیوە.
پێیگوتراوە، "بەکارهێنانی ئەو زمانەی پەیوەستە بە لۆزان و قۆناخی پێش ساڵی 1924، پرۆسەکە ژەهراوی دەکات".
پێیگوتراوە، "لە دوایینجاردا لە کاتی چۆڵکردنی ناوچەی زاپ، هەبوونی چەک بە دەست ئەندامانی رێکخراوەکەوە لەنێو رای گشتیدا تووڕەیی دروستکردووە و دەردەکەوێت کە پەکەکە بە تەواوی پابەندی ئەو بانگەوازە نەبووە کە لەمبارەیەوە کراوە، هەروەها بە ئۆجەلان گوتراوە، زۆر پێویستە کە هەسەدە پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئادار بێت و دەبێت سەبارەت بە سووریا بانگەوازێکی نوێ بکات".
لەسەر ئەوەی پێیگوتراوە کە ئەم دەوڵەتە هی هەموومانە، کاتێک دەگوترێت 'چەک دابنێن' هەموو پێکهاتەکانی پەکەکە دەگرێتەوە، تێبینی هەیە کە پەکەکە ئەو هێزانەی لە عێراق دەیانکشێنێتەوە، رەوانەی سووریایان دەکات و ئەم دۆخە ناکۆکی لەگەڵ لێدوانەکانی پێشوودا دروست دەکات، ئۆجەلان رایگەیاندووە، "پێویستە پەکەکە نەک تەنیا ئەو چەکانەی لە دەستیدایە، بەڵکو لە رووی هزریشەوە چەک دابنێت".
فەتی یڵدز، رایگەیاندووە، تەنانەت لەو کاتانەی هەواڵی شەهیدبوون دەهات، کەس پەنجەرەی دراوسێ کوردەکەشی نەشکاندووە و سەرەڕای ئەو هەموو ئازارە، هیچ کاتێک دوژمنایەتیی کورد و تورک دروست نەبووە.
لەسەر پرسیارەکانی حوسێن یایمان سەبارەت بە سووریا، ئۆجەلان گوتوویەتی، پێویستە لە سووریا و ناوچەکە بە گشتی زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی ئیسرائیلدا بکرێت و بۆ سووریا پشتگیری لە پێکهاتەیەکی یەکگرتوو دەکات.
ئۆجەلان گوتوویەتی، لەم جوگرافیایەدا تورک بەبێ کورد و کوردیش بەبێ تورک ناتوانن بژین. هەروەها گوتوویەتی، لە ساڵی 1995ـەوە وازی لە بیری سۆسیالیزمی ریاڵ هێناوە و گۆڕانی هزری پرۆسەیەکی بەئازارە، بەڵام هەر جارەی کەسێک ئەم هەوڵەی تێکداوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە کاریگەریی هەبووە لەسەر بەئەنجام نەگەیشتنی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئۆزال، دەمیرال و ئەربەکان لە ساڵی 1993ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ.
کاتێک لێی پرسیوە، "فەرهاد عەبدی شاهین (مەزڵوم عەبدی) دەناسیت؟" ئۆجەلان وەڵامی داوەتەوە کە کەسێکی نزیکی خۆیەتی. گولستان کڵچ کۆچیت گوتوویەتی 'زۆر تەندروست دەبینرێیت، ئایا هیچ شتێکت هەیە لەبارەی مافەکانی ژنانەوە بیڵێیت؟' ئۆجەلانیش سڵاوی خۆی پێگەیاندوون.
شاندە سێ کەسییەکەی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان کە رۆژی دووشەممە 24-11-2025 لە ئیستەنبووڵەوە بە هەلیکۆپتەر چوونە ئیمراڵی، پێکهاتوو لە (حوسێن یایمان لە ئاکپارتی، فەتی یڵدز لە مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت لە دەم پارتی) و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ