رووداو دیجیتاڵ
راهێنەرێکی نێودەوڵەتیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی هۆشداری دەداتە گەنجان، تاوەکو ئاگاداری هەندێک هەژماری نێو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بن کە بەناوی کچە پاشا و میرەکانی کەنداو دروستکراون و خەریکی فێڵکردنن لە خەڵکی.
شەوی دووشەممە 8-1-2024، عەلی جاف، راهێنەری نێودەوڵەتی لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی، لە هۆشدارییەکدا بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا و بەتایبەت فەیسبووک ژمارەیەک پەیج بەناوی کچێکی شای پێشووی سعودیە یان کچانی شا و میرەکانی قەتەر و ئیمارات و شوێنی دیکەوە دروستکراون و باسی پێدانی پارە بە گەنجانی عێراق و کوردستان دەکەن لەبەرامبەر خۆتۆمارکردنیان، گوایە ناویان دەچێتە تیروپشکەوە و پارەی خەیاڵی و ئۆتۆمبێلیان بۆ دەردەچێت، بەڵام هەمووی تەڵەیە و ژیانی گەنجان و هەرزەکاران تێکدەدات".
عەلی جاف، دەشڵێت، "ئەو پەیجانە لەلایەن چەندین باندی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێن، مەبەست لێیان کۆکردنەوەی پارەیە بە هەڕەشە."
ئەو شارەزایەی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی باشی شێوازی کارکردنی ئەو گرووپانە دەکات و دەڵێت، "دوو رێگەی سەرەکی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە داوای زانیاریی ئەکاونت و ژمارەی مۆبایل و هەموو وردەکاری هەژمارەکەت لە سۆشیاڵ میدیا و شتە تایبەتەکانت دەکات و دواتر دەچێتە نێوییەوە و بەو نامە و برادەرانەی هەتە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی نهێنییەکانت لێ دەکەن، یان ماوەیەک خۆیان دەکەن بە هاوڕێت و داوای ڤیدیۆی رووتت لێدەکەن و پاشان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دەکەن ئەگەر پارەیان نەدرێتێ."
سەبارەت بەوەی گوایە پارە دەدەن بە خەڵک و ئۆتۆمبێل بە تیروپشک بۆ گەنجان دەردەچێت، عەلی جاف، راهێنەری نێودەوڵەتی لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی گوتی، "لەو ماوانەدا یەکێک لەو پەیجانە لەگەڵ کەسێکدا قسەی کردبوو، دواتر گوایە بە ئۆتۆمبێلێکدا جانتایەکی پارەی بۆ ناردووە، بەڵام دەبێت بڕە پارەیەک بدات تاوەکو بگاتە دەستی، دوای ئەوەی کەسەکە پارەکە دەدات کە پەیوەندیی بە خاوەنی پەیجەکەوە دەکات بۆ وەرگرتنی کۆدی سەر جانتاکە هەڵیناگرێت، چونکە پارەی خۆیان لێبرد، ئیدی کە جانتاکە دەشکێنێت، پڕ بووە لە کاخەز."

لە بەشێک لە سۆشیاڵ میدیا ژمارەیەک پەیج بەناوی کچانی میر و شاکانی وڵاتانی کەنداوەوە هەیە، لەنێویاندا کچێک بەناوی سەحاب کە کچی شا عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعوودە و گوایە ئۆتۆمبێل و پارە دەدەن بەو کەسانەی دەیانەوێت لە رێگەی کاری خێرخوازییەوە بەشدارییان لەگەڵدا بکەن.
لە ریکلامەکاندا باسی ئەوە دەکەن کە پارە بۆ دانەوەی قەرز، دروستکردنی خانوو و چارەسەرکردنی نەخۆش و کڕینی زەوی و دامەزراندنی پڕۆژە و شتی دیکە دەدات بە گەنجان و داوایان لێدەکات نامەیان بۆ بنێرێت، ئەو پەیجانە لە سۆشیاڵ میدیای هەرێمی کوردستان و عێراق کاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ