رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی رایگەیاند، لە دوای کاژێر 09:00ـی ئەمشەوەوە بارانی بەلێزمە دەبارێت. پارێزگاری سلێمانیش داوا لە دانیشتووانی شارەکە دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت شەقامەکان بەکارنەهێنن.
لە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-03-2023ـەوە شەپۆلێکی بارانبارین سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی گرتووەتەوە. ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "دوای کاژێر 9:00ـی شەو بارانی بە لێزمە باریوە، بەڵام زیانی نەبووە و مەترسیدار نییە."
دوای بارانە بەلێزمەکەی ئەمشەو لە چەند شەقامێکی سلێمانی لافاو دروستبووە. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا داوای لە دانیشتووانی ناو شاری سلێمانی کرد کە ئەمشەو بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، بۆ کاری پێویست نەبێت شەقامە سەرەکییەکان بەکارنەهێنن، بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ خۆیان و بۆ تیمە فریاگوزارییەکانیش دروست نەبێت.
ئاسۆ کەمال گوتی: "لە هەندێک شوێن ئاو کۆبووەتەوە، بەڵام لە دوێنێوە ئامادەکاریی تەواو کراوە و تیمەکانی فریاگوزاری لە ئامادەییدان."
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ زیانێکی ماڵی و گیانی بەهۆی لافاوەوە رووینەداوە و تیمەکان لە هەموو شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان بڵاوبوونەتەوە و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
بە گوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئاو چووبووە نێو چەند نەخۆشخانە و ماڵێک لە شارەکەدا، بەڵام هەر زوو چارەسەرکراوە.
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی راگرتنی دەوامەوە گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە و ئەگەر دۆخێکی نوێ هاتە ئاراوە خەڵکی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئاشکرایکرد، لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 09:00ـی 30 ملیمەتر باران لە سنووری پارێزگای سلێمانی باریوە.
سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارینەکەش، ئاسۆ کەمال گوتی: "تاوەکو سبەی شەو باران بەردەوام دەبێت، بەڵام لە بەیانییەوە لێزمەباران نابێت."
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە رایگەیاند، چەندین ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەوە پەکیان کەوتووە و تیمە فریاگوزارییەکان و هاونیشتمانییانی خۆبەخش یارمەتییان دەدەن.
هاوکات هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە، بەنداوی تووڕەجاڕ لە شێخ تەویل رووخا.
بەنداوی تووڕەجاڕ لە سنووری شێخ تەویل لە گەرمیان، توانای گلدانەوەی ملیۆنێک و 500 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە مانگی 12 ساڵی رابردوو تەواوبووە و ئێستا سەرڕێژ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ