پارێزگاری نەینەوا: سوپای عێراق لە شوێنی ئەو گرووپە چەکدارانە جێگیرکرا کە هێرشیان دەکردە سەر هەرێمی کوردستان

دوێنێ کاژێر 02:43
نەهرۆ محەممەد
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری نەینەوا دەڵێ، بۆ رێگریکردن لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سوپای عێراق لەو ناوچانە جێگیرکرا کە گرووپە چەکدارەکانی لێبوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بەرپرسێکی هەواڵگریی و ئەمنیی بەهۆی کەمتەرخەمی لە رێگریکرن لەو هێرشانەدا لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، رۆژی یەکشەممە 08-03-2026 لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن بە دانایی و لۆژیکەوە جەنگ لە وڵات دووربخەنەوە. بەداخەوە، چەندین هێرش و بۆردوومان کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە، خوازیارین دیدگەیەکی راستەقینە هەبێت بۆ پاراستنی عێراق لە جەنگ."
 
"نەینەوا چی دیکە بەرگەی جەنگ ناگرێ"
 
عەبدولقادر دەخیل ئاماژەی بە برینە قووڵەکانی پارێزگاکەی کرد و گوتی: "ئێمە چی دیکە بەرگەی جەنگ و کێشەی نوێ ناگرین. تاوەکو ئێستا لە نەینەوا چەندین گۆڕی بەکۆمەڵمان هەن هەڵمان نەداونەتەوە. هێشتا ئاوارەی شنگالمان هەیە و برینەکانمان قووڵن. پێویستە وەک بەشێک لە ناوچەکە، زیاتر دان بە خۆماندا بگرین و ئارام بین تاوەکو عێراق و هەرێمی کوردستان لە جەنگ بەدوور بن."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پارێزگاری نەینەوا گوتی، حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی پابەندە بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ واشنتن واژۆی کردوون و ئەوانیش لە نەینەوا هەمان سیاسەت جێبەجێ دەکەن، چونکە "ئەمریکا لە رابردوودا پشتیوانێکی گەورەی نەینەوا بووە."
 
جێگیرکردنی سوپا و رێگریکردن لە هێرشەکان
 
لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، عەبدولقادر دەخیل گوتی: "دوای پەیوەندیکردن بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێستا سوپای عێراق لەو شوێنانە جێگیرکراوە کە پێشتر هەندێک هێزی حەشدی شەعبی و گرووپی چەکداری لێبوو و هاوسنوور بوون لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە. ئێستا فیرقەکانی 16 و 76ـی سوپا لەو ناوچانەدان."
 
بەگوتەی پارێزگاری نەینەوا، "لە 2 رۆژی رابردوودا هیچ کێشەیەکی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان رووی نەداوە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپا لەو شوێنانە جێگیرکرا کە مووشەک و درۆنیان لێوە ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرد. ئێستا هاوئاهەنگییەکی باڵا لە نێوان بەغدا، هەولێر و نەینەوا هەیە، چونکە بەرژەوەندی و چارەنووسمان یەکە."
 
سزادانی کەمتەرخەمەکان
 
عەبدولقادر دەخیل رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تووندی هاتووەتە سەر هێڵ بۆ رێگریکردن لە بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان لە سنووری نەینەواوە و گوتی: "زۆربەی ئەو بەرپرسانەی لە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکاندا کەمتەرخەم بوون، لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە لە پۆستەکانیان لادراون و رەوانەی دادگەی تایبەتمەند کراون."
 
پارێزگاری نەینەوا گوتیشی، سەرۆکوەزیران خۆی راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکات و بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان، چونکە دەیەوێ ئەو ناوچانە سەقامگیربن و رێگە نادات هیچ گرووپێکی چەکدار نەینەوا بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان. 
 
بە درێژایی رۆژی 7ی ئاداری 2025 چەندین درۆن ئاراستەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کران، زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندران.
 
یەکێک لە هێرشەکان بووە هۆی گیانلەدەستدانی کارمەندێکى ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و برینداربوونی سێ کارمەندی دیکە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "سیستمی بەرگری کاری کردووە، بەڵام پارچەی یەکێک لەو درۆنە تێکشێنراوانە لە نزیک شوێنی ئێشکگرتنى کارمەندانی ئاسایش کەوتووەتە خوارەوە، بەو هۆیەوە کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە بە ناوی (وڵات) شەهید بوو."
 
پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشێنراوەکان لە کۆگایەکی گوندی گەزنە کەوتە خوارەوە و ئاگری لێکەوتەوە.
 
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، ئەو جۆرە هێرشانە لەلایەن ئەو گرووپانەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان کە لە ئێرانەوە نزیکن.
 
هێرشەکان لە رۆژی 7ی ئادار و بەرەبەیانی رۆژی دواتر، سنووری پارێزگای سلێمانیشی گرتەوە. 
 
دوو درۆن ئاراستەی بارەگای هێزی دەڤەری دووی پێشمەرگە کران و تێکشکێندران، دووانی دیکەش لە نزیک بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسینگەی کونسووڵخانەی تورکیا لە ناوەندی شارەکە کەوتنە خوارەوە.
 
هەروەها گوندی زڕگوێزەڵە کرایە ئامانج. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، کەمپێکیان بە مووشەک کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەکیان گیانی لەدەستداوە و  یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە