رووداو دیجیتاڵ
دوو لیوای سوپای عێراق ناوچەی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە دەشتی نەینەوا دەگرنە دەست کە دوو ناوچەی باکوور و باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە دەگرێتەوە و دەچنە جێگەی دوو لیوای حەشدی شەعبی لەو سنوورە.
جێگیرکردنی ئەو دوو لیوایەی سوپای عێراق لە 7ی ئادارەوە بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەستیپێکردووە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیوای 66 و 76ی سەر فیرقەی 16ی سوپا لەو ناوچانە جێگیرکراون."
لیوای 66ی سوپای عێراق لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا جێگیرکراوە کە ناحیەکانى نەمروود و بەرتلە دەگرێتەوە. لیوای 76ی سوپاش لە ناوچەکانی تلسقۆف و وانکێ جێگیرکراوە کە دەکەونە باکووری رۆژهەڵاتی نەینەوا. هەردوو ناوچەکە هاوسنوورى هەرێمى کوردستانن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەو دوو شوێنەی لیوای 66ی لێ جێگیربووە، پێشتر لەژێر دەستی لیوای 30ی حەشدی شەعبی بوو. هەرچی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێستای لیوای 76ی سوپایە، پێشتر لەژێر دەستی لیوای 50ی حەشدی شەعبی بوو کە سەر بە بزووتنەوەی بابلیۆنە.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: "لە هەندێک ناوچەدا سوپا بەتەواوی جێگەی لیواکانی حەشدی شەعبی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچەی دیکەشدا هاوبەشن. ئەو رێکارەی سوپای عێراق بۆ رێگرییە لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەوە."
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە، بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، کە لێکدانەوەکە بەو جۆرەیە بەشێک لە هێرشەکان لەو ناوچانەی نەینەواوە بووبن.
4ی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی دوورخستنەوەی بۆ هەندێک لە بەرپرسانی هەواڵگریی هێزە ئەمنییەکانی نەینەوا دەرکرد، کە لە چوارچێوەی رێکارەکان بوو بۆ رێگری لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ