رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرە سەرکەوتووەکەی دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئامەد مۆڵەتی دەستبەکاربوونی پێدرا و دەستبەکاربوو.
کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی نیسانی 2024، سەرا بوجاک، بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد مۆڵەتی دەستبەکاربوونی پێدرا. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری 2024ـدا دەم پارتی سەرا بوجاک و دۆغان هاتوونی بۆ هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئامەد بەربژێر کرد.
سەرا بوجاک، بەربژێری فەرمیی دەم پارتی بوو بۆ گەورەشارەوانیی ئامەد و لە هەڵبژاردنەکەدا 64.09٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا؛ محەممەد خالیس بیلدەن، بەربژێری ئاکپارتی دووەم بوو و 16.83٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
بەهۆی تانەی ئاکپارتییەوە بوو کە سەرا بوجاک مۆڵەتی دەستبەکاربوونی پێنەدرا.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای ئامەد، دوای بەدواداچوون بۆ تانەکەی ئاکپارتی، بڕیاریدا کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ مۆڵەتی دەستبەکاربوون بدات بەو بەربژێرە سەرکەوتووەی دەم پارتی.
سەرا بوجاک کێیە؟
خەڵکی شارۆچکەی سوێرەگی سەر به پارێزگای رووهای باکووری کوردستانە و نەوەى یەکەمین سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا فایق بوجاکە.
- ساڵی 1976 لە شاری ئامەد لەدایکبووە و زۆربەی ژیانی لە ئەڵمانیا بەسەر بردووە.
- لە زانکۆی کۆڵنی ئەڵمانیا زمان و ئەدەبیاتی ئەڵمانی خوێندووە.
- ساڵی 2006 گەڕاوەتەوە ئامەد و لە ساڵانی 2006-2011 رێکخەری ماڵی پاڵپشتی پەروەردەی شارەوانی رەزان بووە.
- ساڵی 2014 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئامەد و تاوەکو ساڵی 2016 کە قەییووم لەسەر شارەوانی دانرا، وەکو راوێژکاری هاوسەرۆکی شارەوانی کاری کردووە.
- خێزاندارە و دایکی دوو منداڵە.
دۆغان هاتوون کێیە؟
- ساڵی 1985 لە شارۆچکەی پاسوور لە پارێزگای ئامەد لەدایکبووە.
- دەرچووی بەشی ئەندازیاری کانگایە لە زانکۆی دیجلە لە ئامەد.
- لە ساڵانی 2016-2023 هاوسەرۆکی ژووری ئەندازیارانی کانگاکانی ئامەد بووە.
- لە ساڵانی 2018-2022 سکرتێری دەستەی هاوئاهەنگی ئامەد بووە لە یەکێتیی ژوورەکانی ئەندازیارانی کانگاکانی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ