رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی 14 هەزار و 747 پلەدار و پێشمەرگەی سەر بەدیوان و لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، "ئەم پلەبەرزکردنەوەیە گوزارشتە لە خشتەی نەورۆزی 2024ـی کارمەندان."
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بە بڕیاری شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشت بە ماددەی 14 لە سیستمی ژمارە 6ـی ساڵی 2011ـی پەیڕەوی نیزامیی راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە، تایبەت بە یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007، ئاماژە بە فەرمانی وەزاریی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی گشتیی ژمارە 6033 له 4-12-2011 تایبەت بە رێنمایی پلەبەرزکردنەوەی کارمەندان، بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی 14,747 پلەدار و پێشمەرگەی سەر بەدیوان و لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم پلەبەرزکردنەوەیە گوزارشتە لە خشتەی نەورۆزی 2024ـی کارمەندان.
ئەو بڕيارەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە هیچ پلەیەکیان نییە تاوەکو دەگاتە جێگری ئەفسەر، واتە ملازم و بۆ سەرەوە ناگرێتەوە.
لە ساڵی 2015ـەوە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە کە دوای بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش سەریهەڵدا، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستێکی فەرمانبەرانی بۆ بەغدا ناردووە کە تایبەتە بە پلەبەرزکردنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان کە لە 04-04-2024 دەرچووە، هاتووە "لەسەر راسپاردەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاگادارتان دەکەینەوە، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بانکەکان بەپێی یاسا و رێنمایی بۆیان دیاری بکرێت، واتا لە 01-05-2024ـەوە شایستەی چ پلەیەکن بۆیان خەرج بکرێت، بە مەرجێک رەچاوی مۆڵەتی بێمووچە و سزا بکرێت."
بەپێی رێنماییەکە کە مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان واژۆی کردووە، بەپێی یاسا پلە بەرزکردنەوە لە ساڵی 2015ـەوە دەبێتە بنەما، هەروەها ئەو فەرمانبەرانی پلەکانیان لە خوار (6) بووە، پاش ئەوەی بڕوانامەی ماستەر یاخود دکتۆرایان بەدەستهێناوە، لە رێککەوتی وەرگرتنی بڕوانامەکانیان یەکسەر مووچەکانیان دەگۆڕێت، ماستەر دەبێتە 374 هەزار و دکتۆرا 429 هەزار.
هەر لە رێنماییەکەدا هاتووە، ئەوانەی ناونیشانیان شارەزا/بەڕێوەبەری پێشکەوتوو، تەنیا سەرمووچەیان پێدەدرێت و لە خشتەکەدا دەبێت هاوتا بکرێت، واتا لەپێش 2015 ئەو ناونیشانەیان هەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە مانگی داهاتووەوە دەرماڵەی خواردن بۆ پێشمەرگەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەبەسترێت، کە 125 هەزار دینارە بۆ هەر مانگێک، هەروەها ئەم بڕیارە یەکەی پاسەوانیش دەگرێتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دەرماڵەی خواردن بۆ پۆلیسی نەوت و گازیش خەرج دەکرێت، کە بۆ هەر پۆلیسێک 75 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ