رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لە پەلکانەی سنووری کەرکووک دژی جووتیارانی کورد خێوەت هەڵدەدەن و مان دەگرن. جووتیارانی کوردیش بۆ رێگریی لەو هەوڵەیان، گردبوونەتەوە.
هێزێکی زۆری سوپای عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە چوونەتە گوندی پەلکانە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان. هێزەکە دەیانەوێت رێگریی بکەن لە دروستبوونی گرژی لەنێوان جووتیاران و عەرەبی هاوردە.
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارەدێی سەرگەڕانە. لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، عەرەبی هاوردە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیارانی کورد دەدەن.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ژمارەیەک عەرەبی هاوردە چوونە نێو گوندەکە و هەوڵیان دا زەویی کورد داگیر بکەن، بەڵام لەنێوخۆیان بووە شەڕیان و برینداریان هەیە. دواتر هێزە ئەمنییەکان شوێنەکەیان پێ چۆڵکردوون.
دەشتی، جووتیارێکی گوندی پەلکانەیە و بە رووداوی گوت: "هاتن جادەیان گرت و خۆپێشاندانیان کرد. هەموو ساڵێک لە کاتی تۆوکردن و دروێنە ئەو کێشەیە دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بەرهەمی خەڵک دەستی بەسەردا بگرن، سوپا بۆ خۆی لەگەڵ ئەوان بوو".
بە گوتەی ئەو جووتیارە، هاوردەکان داوا دەکەن زەوییەکان لە کورد وەربگرنەوە و ئەوان بەکاری بهێنن.
جووتیارێکی دیکە دەڵێت، "ئەمانەی ئەمڕۆ هاتوونەتە سەر جادە، قەرەبووی مادەی 140یان وەرگرتووەتەوە، ئەگەر راست دەکەن با بچن سکاڵا بکەن و بەڵگەکانیان پێشکێش بکەن، بەڵام ئەوان دەیانەوێت بە هێز داگیری بکەن".
هاوردەکان ماوەی پێنج ساڵە هەشت خانوویان لە پەلکانە داگیر کردووە، لەپاڵ ئەو هەشت خانوەوە دەیان خەڵکی دیکەیان هێناوەتە سنوورەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ