دانەگاز: لە نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوو لە کێڵگەی چەمچەماڵ گاز بەرهەم دێت

08-05-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی، راپۆرتی چارەکی یەکەمی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە لەو ماوەیەدا بەراورد بە پار 13٪ بەرزبووەتەوە.
 
دانەگاز، گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری گازی سرووشتیی تایبەتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاشکرای کرد لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا پوختەی قازانجەکانی 43 ملیۆن دۆلار بووە و بەراورد چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو، کە  38 ملیۆن دۆلار بووە، بە ڕێژەی 13٪ بەرزبووەتەوە.
 
سەبارەت بە داهاتەکانی، دانەگاز دەڵێت، لە 3 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 91 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە، بەڵام لە سێ مانی یەکەمی پار 97 ملیۆن دۆلار بووە. هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی گاز و نرخی گاز لە میسر گەڕاندووەتەوە.
 
جگە لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانەگاز لە میسریش گاز بەرهەم دەهێنێت.
 
دانەگاز دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەهێزە. پێشتریش رایانگەیاندبوو، کۆی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لەکاتی دەستپێکردنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 3 لە کێڵگەی کۆرمۆر 500 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوتی تێپەڕاند.
 
ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێی سێجا کە بەراورد بە ساڵی 2017، 75٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەپێی کۆمپانیاکە، لە مانگی نیسان دا ئاستی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی چاککردنەوە جێبەجێبکەن کە پێویستە بۆ بەردەوامی بەرهەمهێنان لە درێژخایەندا.
 
دانەگاز دەڵێت، پرۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بە KM250 ناسراوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت یەکەم بڕە گازی ئەو پرۆژەیە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026دا بەرهەم بێت.
 
بەپێی دانەگاز، دوای ئەوەی ئەو پڕۆژەیە تەواوکرا، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە 50٪ بەرز دەکاتەوە.
 
جگە لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز، پڕۆژەکە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی شلی کۆندێنسەیت بەبڕی رۆژانە 7 هەزار بەرمیل. هەروەها رۆژانە 460 تۆن گازی شلکراوی LPG یش زیاد دەکات.
 
لەبارەی کێڵگەی چەمچەماڵ کۆمپانیاکە باسی لەوە کردووە، یەکێکە لە "گەورەترین" کێڵگەکانی گازە لە عێراق، دانەگاز دەڵێت، "بەرنامەیەکی وەبەرهێنان بەبڕی 160 ملیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدانی ئەو کێڵگەیە جێبەجێدەکەین و چاوەڕوان دەکەین یەکەم بڕە گاز لە نیوەی دووەمی ساڵی 2026 بەبڕی 75 ملیۆن پێی سێجا لەو کێڵگەیەدا بەرهەم بێت."
 
ریچارد هاڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەو بارەیەوە رایگەیاند، "سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت، توانیویانە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ بە بەهێزی دەستپێبکەن، هەروەها لەو ماوەیەدا ئاستی بەرهەمهێنانمان لە هەرێمی کوردستان بەرزکردووەتەوە، هەرچەندە خەرجییەکانمان کەم کردووەتەوە."
 
ریچارد هاڵ هەروەها دەڵێت، "پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر بەباشی بەرەو پێش دەچێت و یەکەم بڕە گازی ئەو پڕۆژەیە دوای پەرەپێدان لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا بەرهەم دێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.