بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆدەبێتەوە

08-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لەبارەی چەند بابەتێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارەکەی رۆژی 30ی مانگی رابردووی دادگەی باڵای فیدراڵی و بابەتی رەشنووسی بودجەی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارترین ئەو سێ بابەتەن کە باس دەکرێن.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-06-2023 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان لەوانە، بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی تایبەت بە پەرلەمانی کوردستان، کە رۆژی 30ی مانگی رابردوو دەرچوو، لەگەڵ بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان کۆبووەتەوە.
 
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی دەبێت و چەند بابەتێکی پەیوەست بە عێراقیش باس دەکرێن، لەوانەش رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ی عێراق کە بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمان پەسند بکرێت و تائێستاش رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی مادەکانی 13 و 14ی تایبەت بە هەرێمی کوردستان نەکراوە، هەرچەندە ژمارەیەک بڕگەیان هەردوولا لەسەری کۆکن و بە سازان گەیشتوون بە رێککەوتن لەبارەیەوە.
 
بڕیارە کاژێر 08:00ی ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023 کۆببێتەوە و پەسندی بکات، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 12.67%ـە و نزیکەی 16 تریلیۆن دینار دەبێت.
 
شەوی پێنجشەممە، 25ی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاریی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ی کرد، کە حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو، گۆڕانکارییەکە زۆرتر لە مادەکانی 13 و 14ی پرۆژەکە کرا، کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان. گۆڕانکارییەکان پابەندبوونێکی زۆرتر دەخاتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە