رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، لە رۆژانی جەژن تیمەکانیان لەگەڵ خێزانی ئاڤێستا بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا. ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو مانگێکی دیکە بە چڕیی بەدوای تەرمی ئاڤێستا دەگەڕێن.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، کاروان میراودەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەدوای مانگی یەکەم، بڕیار بوو هەفتەی دوو رۆژ بەدوای تەرمی ئاڤێستا بگەڕێین، بەڵام خێزانی ئاڤێستا لە شوێنی رووداوەکە نەڕۆشتبوون، بۆیە بڕیارماندا لەگەڵ ئەوان بەردەوام بین، تاوەکو ئێستا بەردەوامین لە گەڕان بەدوای تەرمەکەی تەنانەت لە رۆژانی جەژنیش."
بە گوتەی کاروان میراودەلی، لە مانگی یەکەم 24 تیم بەردەوام بوون لە گەڕان، بەڵام ئێستا هەشت تیمی بەرگریی شارستانیی سۆران کە نزیکەی 60 کەس دەبن، لەگەڵ خێزانی ئاڤێستا هەموو رۆژێک بە چڕیی بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی، "لە دوو هەفتەی رابردوودا، ئاوی رووبارەکە زۆر کەمیکردووە، ئەمەش ئاسانکاری زۆری بۆ کردووین بۆ گەڕانی باشتر، لە رۆژانی داهاتوودا ئاوی رووبارەکە زیاتریش کەم دەبێتەوە، بۆیە هیوای دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا زیاترە."
زیاتر لە دوو مانگە ئاڤێستا یوسف کەوتووەتە نێو رووبار. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، "5ـی تەممووز سێ مانگ بەسەر ونبوونیدا تێدەپەڕێت، ئەوکات راپۆرتی کۆتایی رادەگەیێنین و دەست لە گەڕان هەڵدەگرین."
ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵ، رۆژی 5ـی نیسانی 2025 لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ