رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، شانەیەکی نووستووی داعش هێرشی کردوەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە پارێزگای دێرەزوور.
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کاژێر 11:00ـی شەوی شەممە، 7ی حوزەیران" چەکدارانی داعش بە نارنجۆکی دەستی هێرشیان کردە سەر بنکەی پۆلیسی سەبحە لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، پاشانیش لە کاتی هەڵاتنیاندا تەقەیان لە خاڵێکی چاودێری کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانیان وەڵامی چەکدارەکانیان داوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێزێک بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە خاڵە بەئامانجکراوەکە دەرچووە و لەو کاتەدا ئەو هێزەش لە لایەن شانە نووستووەکەوە هێرشی کراوەتە سەر.
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکەن، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، هێزەکانیان لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە.
بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، داعش چەند هەفتەیەکە جموجووڵەکانی لە دێرەزوور بەرامبەر هێزەکانی هەسەدە زیاد کردووە. رێکخراوە پەڕگیرەکە لە شوێنەکانی دیکەش جموجووڵی پەیدا کردووە.
17ی ئایاری ئەم ساڵ وەزارەتی نێوخۆی سووریا بڵاویکردەوە، پێکدادان لەنێوان هێزەکانیان و چەکدارانی داعش لە باکووری پارێزگای حەلەب روویداوە و لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزەکانیان کوژراوە و ژمارەیەک چەکداری داعشیشیان دەستگیرکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ