ژیانی یەک ملیۆن دانیشتووی حەسەکە بەهۆی کەمی ئاوی پاکەوە لە مەترسیدایە

08-07-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە پارێزگای حەسەکەی روژئاوای کوردستان، هاونیشتمانییان ئاوی پاکیان دەستناکەوێت، بەوهۆیەوە رۆژانە 80 تاوەکو 100 کەس دەبردرێنە نەخۆشخانە.
 
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە حەسەکە، خەڵک ناچار دەبن پەنا بۆ بەکارهێنانی ئاوی پیس ببەن، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو خەڵک دا". 
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنەکەسە، دوای داگیرکردنی وێستگەی عەلۆک لەلایەن "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا"، کێشەی بێ ئاوی لە ناوچەکەدا دروست بووە. ئەنەکەسە دەڵێت، "لەبەر خەمساردیی دەسەڵات، تادێت کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت، هەروەها تاوەکو ئێستا هیچ شوێنگرەوە و رێگە چارەیەکی نەدۆزیوەتەوە و خەڵکی ئێمەش وەکو کارتی گوشار لەنێوان هەردوولادا بەکاردەهێندرێن".
 
ئەنەکەسە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، رێکخستنەکانی مافی مروڤ، ئەمریکا و رووسیا دەکات، دەستوەردان بکەن و کێشەکان چارەسەر بکرێن، هەروەها داوا دەکات هاونیشتمانییان لە ناکۆکیی سیاسیی نێوان هەردوولا دووربخرێنەوە و پاڵپشتیی پێویست بۆ پڕۆژەکانی ئاو بکرێت. 
 
ئەو دۆخی بێ ئاوییەی حەسەکە وایکردووە، کاریگەری لەسەر تەندروستیی هاونیشتمانییان هەبێت. دکتۆر ریاز عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە حەسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی خراپیی کوالێتیی ئەو ئاوەی لەلایەن خەڵکەوە بەکاردەهێندرێت، روژانە نزیکەی 80 تاوەکو 100 کەس سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و لە پشکنینەکاندا چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر لە سەردانکەراندا دەرکەوتووە". ئاماژەشی بەوەدا کە "ساڵانە 830 هەزار کەس بەهۆی ئاوی پیس لە جیهاندا گیان لەدەست دەدەن".
 
بەپێی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای حەسەکە، رۆژانە پێویستی بە 80 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام رۆژانە تەنیا 40 هەزار مەتر سێجا بەردەست دەبێت، ئەمەش بە تەنکەر بۆ خەڵک دابین دەکرێت. 
 
وێستگەی ئاوی عەلۆک، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی پارێزگای حەسەکەیە، لە ساڵی 2011 دروستکراوە، 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پارێزگاکە، 30 بیری ئاو لەخۆدەگرێت کە 1.2 ملیۆن خەڵک لێی سوودمەندن. 
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 جار وێستگەی ئاوی عەلۆک لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دەستی بەسەرداگیراوە، دوایین جاریش 3ی تەممووزی 2023 بوو. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.