رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، دۆخی دەریاچەی ورمێی لە رۆژهەڵاتی کوردستان باشە و چەند پڕۆژەیەکیشیان بۆ ژیاندنەوەی جێبەجێ کردووە.
عەلی ئەکبەر میحرابیان، وەزیری وزەی ئێران دەڵێت: "یەکێک لەو پرۆژانەی کە مابووەوە، پرۆژەی بەنداو و کەناڵی بادین ئاوا بوو. پێشبینی دەکرا ئەم پرۆژەیە لە سێ ساڵدا جێبەجێ بکرێ، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دەریاچەی ورمێ، بودجەیەکی باشی بۆ تەرخانکرا و بە خێراترین شێوە بە هاوکاری قەرارگەی خاتەمولئەنبیا جێبەجێ کرا."
حکومەتی ئێران بەهیوایە، لە رێگەی ئەو پرۆژەیە و بەنداوی کانی سێوەوە ساڵانە 480 ملیۆن مەتری سێجا ئاو بۆ دەریاچەکە بگوازرێتەوە.
بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران باس لە کێشەیەکی گەورە دەکات، ئەویش کشتوکاڵکردنە لە 600 هەزار هێکتار زەویی نزیک دەریاچەکە کە بڕێکی زۆری ئاوەکەی دەبات.
عیسی بوزورگزادە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران باس لەوە دەکات: "نزیکەی 600 هەزار هێکتار رووبەری زەوی، ئاوی لە سنووری رێژاوی دەریاچەی ورمێ لە سێ پارێزگا کشتوکاڵی تێ دەکرێت؛ نزیکەی 171 هەزار هێکتاری تۆڕی ئاودێری بۆ دانراوە؛ بەشێکی دیکە لەو زەوییانە بە شێوەی سەردەمیانە و نیمچە سەردەمیانە ئاویان لەسەر دابەش دەکرێت. لە بارەی تۆڕە کۆنەکانیش، ئەوانەی لە رێگەی بیرەکانی ئاوەوەیە، پەیوەندیدار بە دەریاچەی ورمێ لە رێگەی پرۆژەمان بۆ کۆنترۆڵکردنی سامانی ئاو و وزە، سیستەمی پیوانەکردنمان بۆ بیرەکان داناوە."
بەڕیوەبەری پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، هەرچەندە دەریاچەکە دۆخی قەیراناوی تێپەراندووە، بەڵام بە کەمبوونەوەی باران و هاتنی هاوین، بەهەڵمبوونی ئاوی دەریاچەکە زیاتر دەبێت و بەوەش رووبەری دەریاچەکە بچووکتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ