کوردستان
دەم پارتی دەڵێت، شوێنی چەکدانان پەخشی راستەوخۆی لێ ناکرێت و کامێرا و ئامێری وێنەگرتنیش نابردرێنە ژوورەوە.
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیێندراوێکی لەبارەی رێوڕەسمی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە کە راگەیاندنەکان ناتوانن لەوێ ئامادە بن.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە: "وەک پێشتر ئاگادارمان کردووبوونەوە، ئەو زانیارییانەی بە پارتەکەمان گەیشتوون و بە رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، پارتەکەمان پلانی رێوڕەسمێکی رێکخست. بڕیار بوو مەراسیمەکە بۆ میدیاکان کراوە بێت، بەڵام بەگوێرەی دوایین هەڵسەنگاندنەکان، بڕیار درا کە مەراسیمەکە لە شوێنێکی جیاواز بەڕێوەبچێت، دیمەنە تۆمارکراوەکان لەسەر شاشەیەک پەخش بکرێن و دواتریش بەخێرایی بگەیێندرێنە میدیاکانی ناوچەکە".
دەم پارتی هەروەها دەڵێت: "لەپێناو پاراستنی ئاسایش و رێگری لە هەموو جۆرە گێرەشێوێنی، بۆی هەیە گۆڕانکاری لە پلانەکاندا رووبدات".
دەم پارتی هەروەها راشیگەیاندووە کە ئەو شوێنە پەخشی راستەوخۆی لێ ناکرێت و کامێرا و ئامێری وێنەگرتنیش نابردرێنە ژوورەوە.
بەگوێرەی پلانەکان، رۆژنامەڤانان دەبرێنە ئەو شوێنەی شاشەکەی لێ دانراوە. لەوێوە دەتوانن بەدواداچوون بکەن و هەواڵ ئامادە بکەن، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا.
دەم پارتی هەروەها رایگەیاندووە کە ئاسانکاریی پێویست بۆ رۆژنامەڤانان دەکرێت.
پرۆسەی چارەسەری
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند:"گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پەکەکە ئاماژەی کرد، "پرسی کورد بە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیکمان ھێناوەتە خاڵی چارەسەری و رۆڵی مێژووییمان هەبووە. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە".
ئێستا چاوەکان لەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەن کە بڕیارە لەم چەند رۆژە لە رێوڕەسمیکدا بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ