کوردستان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی دەڵێت، بەرپرس نییە لە ئاوی چەند شەمعەیەکی "نایاسایی" کە لەسەر چەمەکانی تانجەڕۆ و قلیاسان هەن.
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، بەرپرس نییە لە ئاوی چەند شەمعەیەکی "نایاسایی" کە لەسەر چەمەکانی تانجەڕۆ و قلیاسان هەن یان بیری ماڵان و دەڵێت ئاوەکانیان شیاو نین بۆ خواردنەوە و بەکاردەهێندرێن، دەشڵێت بەشێک لەو شەمعانە هۆکارێکن بۆ تووشبوون بە سکچوون و نەخۆشیی دیکە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی، لەبارەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی شارەکە دەکات و دەڵێت: "سەرچاوەی ئاوی هەردوو پڕۆژەی دووکانی یەک و دوو بریتییە لە بەنداوی دوکان کە دەکەوێتە سەر زێی بچووک، پاش وەرگرتنی ئاو لە بەشی خوارووی بەنداوەکە لە نزیک قەشقۆڵی و ناردنی بۆ پڕۆسەی نیشتن و فلتەرکردن و پاکژکردنەوە بەکلۆر و بەهەندێک مەوادی دیکە، ئاوێکی پاک و شیاو بۆ خواردنەوە بەرهەم دەهێندرێت، رۆژانە لەلایەن تیمەکانی خۆپاراستنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە چەندین نموونەی لێوەردەگیرێت و پشکنینی بایۆلۆژی و کیمایی و فیزیایی بۆ دەکرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاوی سلێمانی، ئاوەکە لەلایەن تاقیگەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیی ئاوەکە پاشان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت.
لەبارەی شەمعەکانیشەوە کە بەشێکیان نایاسایین، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "ئێمە بەرپرس نیین لە چەند شەمعەیەکی نایاسایی کە لەسەر چەمی تانجەڕۆ و قلیاسان یان بیری سەتحی ماڵان و شوێنە گشتییەکان کە ئاوەکانیان شیاو نین بۆ خواردنەوە و بەکاردەهێندرێن، تەنانەت هەندێکیان کراون بە شەمعەی ئاو و ئاوی لێدەفرۆشن بەبێ هیچ چاودێرییەک لەسەر جۆری ئاوەکە کە پیسن و بەناوی ئاو بۆ کاری ئاوەدانی باخ و بیناسازی کاردەکەن. لەکاتێکدا بەبێ گوێدانە تەندروستی هاووڵاتیان ئاوەکەیان بەتانکەر بە ماڵان دەفرۆشن."
سەبارەت بە داخستنی ئەو شەمعانە، کە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە هۆکارێک بۆ تووشبوون بە پەتای سکچوون و نەخۆشی دیکەی دەزانێت. دەڵێت: "لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە ئەندامێتیی بەڕێوەبەرایەتیمان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ داخستنیان و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر بەمەبەستی داخستنیان تاوەکو کاتی پابەندبوونیان بە یاسا و رێنماییەکان و چەندین جاریش هاووڵاتیانمان ئاگادارکردووەتەوە کە ئاوی ئەو تانکەرانە بەکارنەهێنن کە لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییان پێوەنییە، چونکە ئێمە بەهیچ جۆرێک لێیان بەرپرس نین و چاودێریی ئەو ئاوانەیان ناکرێت کە دەیگوێزنەوە و دەیفرۆشن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی هۆکاری دیکەش بۆ بڵاوبوونەوەی سکچوون و پەتای کۆلێرا دەهێنێتەوە و دەڵێت، "هۆکارێکی دیکەش بۆ ئەم پەتایە بریتییە لە خواردنی ئەو سەوزانەی کە بەئاوەڕۆ ئاو دەدرێن."
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، رۆژی هەینی، 8-9-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بەرپرسین لە ئاوی یەک و دووی دووکان و هیچ کێشەیەکیان بۆ خواردنەوە نییە، ئەگەر کێشەیان هەبێت ئێمە دابەشی ناکەین، بەڵام داخستنی شەمعە نافەرمییەکان و نایاساییەکان پەیوەندیی بە قایمقامیەتی سلێمانییەوە هەیە و دەبێت ئەوان دایانبخەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ