رووداو دیجیتاڵ
بوغرا کاڤونجو، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی، رەخنەی لە گوتنەوەی درووشمی پەیوەندیدار بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەنێو پەرلەمانی تورکیا گرت و نیگەرانی خۆیشی دەربڕی کە فراکسیۆنەکانی دەسەڵات لەو بارەوە "هیچ ناڵێن".
بوغرا کاڤونجو گوتی: "ئەمڕۆ لە پەرلەمانی تورکیادا درووشمێک گوترایەوە. بێگومان هەموو پارتێکی سیاسی کۆبوونەوەی فراکسیۆن دەکات و ئەو درووشمەی لەوێ دەگوترێتەوە پەیوەندی بەو پارتە سیاسییەوە هەیە، بەڵام ئێمەش هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین".
کاڤونجو گوتی: "بە تووندترین شێوە ئەو دروشمانە سەرکۆنە دەکەم کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم لەبارەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی گوترانەوە. لە پەرلەمانی کام وڵاتی جیهاندا درووشم بۆ سەردەستەی تیرۆر گوتراوەتەوە و هیچ سزایەکیش نەدراوە؟ با یەکێک وەڵامی ئەمە بداتەوە".
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی رایگەیاند، ئەگەر ئیی پارتی پێش هەڵبژاردنی 2023 دۆخێکی هاوشێوەی هەبووایە، دەسەڵات دەستی بە لێکۆڵینەوە لێی دەکرد و دەیکردە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دژی.
ئەو بەرپرسەی ئیی پارتی رووی دەمی کردە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و گوتی: "وەک کاردانەوە بۆ ئەو درووشمانە، یەک رستەی ناڕەزاییش لە ریزی پەرلەمانتارانی دەسەڵات نابیستین. ئەم دۆخە بە هیچ شێوەیەک ئێوە نیگەران ناکات، ئەمە روونە".
بەشێک لە درووشم و هوتافەکانی دوێنێ سێشەممەی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی، پێداهەڵگوتن بوو بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
کاڤونجو گوتی: "ئۆجەلان رێبەری گەل نییە. ئۆجەلان سەردەستەی رێکخراوێکی تیرۆریستییە و لەسەر تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و گەل، هەروەها چەندین تاوانی دیکە حوکم دراوە".
ئەم گوتەیە لەکاتێکدایە دەم پارتی لە هەڵبژاردنەکەی 2023ــدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە بلۆکی ئۆپۆزیسیۆن کرد کە لەلایەن جەهەپە و ئیی پارتی پێکهێندرابوو.
رۆژی 7-10-2025 بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا درووشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و چەندین درووشمی دیکەی هاوشێوە لەنێو پەرلەمان و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتیدا گوترانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ