شاندی حکومەت لە بەغدا: کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدات

08-11-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، "کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو" و، بە کۆمیسیۆنی عێراقیان گوتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت. ئەوانیش ئامادەییان نیشانداوە.
 
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەدوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، سێ پەیامیان هەبووە و بە کۆمیسیۆنیان گەیاندووە. 
 
جگە لە جەختکردنەوە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، پەیامەکانی دیکەی شاندی هەرێمی کوردستان بریتیبوون لەوەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو دامودەزگەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە خزمەتی کۆمیسیۆنەوە تاوەکو هەڵبژاردن بەڕێوەببات. د. ئومێد سەباح گوتی، کارەکان زۆر بەباشی چوونەتە پێشەوە و "جەدوەلێکی باشیان داناوە".
 
هەروەها پەیامێکی دیکە ئەوە بووە کە چۆن هەرێمی کوردستان و عێراق پێداویستییەکانی هەڵبژاردن بە هەموولایەنەکانەوە دابین بکەن. د. ئومێد سەباح رایگەیاند، "سوپاسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە رۆڵی خۆیان هەستاون و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو پێداویستییانەی دابین کردووە کە پێویستن و بەردەوام لەسەر هێڵن".
 
 

 

هاوکات، عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 25-02-2024 بەڕێوەبچێت. باسمان لە ئاڵنگارییەکان و هەموو ئەو ئامادەکارییانەش کرد کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردوومانن".
 
عومەر ئەحمەد لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "ماوەیەک لەمەوپێش دەرگامان بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کردەوە و هەموو زانیارییەکانی دەنگدەرمان بۆ کۆمپانیای تایبەت ناردووە بۆ ئەوەی کارتی بایۆمەترییان بۆ چاپ بکەن و دوێنێش راستاندنمان بۆ خشتەی زەمەنی کرد کە زیاتر لە 370 بڕگەی تێدایە و خستمانە بەردەم شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوە کرد، کۆمەڵێک رێکار و رێنمایی تایبەت بە هەڵبژاردنیان لەژێر رۆشنایی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەرکردووە و دەشڵێت، "وەکو کۆمیسیۆن، ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پیشەییانە و بێلایەنانە".
 
بە گوتەی عومەر ئەحمەد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای هەڵبژاردنی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت کە دوا هەمواری لە ساڵی 2013 بۆ کراوە و "وەکو کۆمیسیۆنیش بە هەمان ئەو رێکارانە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەبەین کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقمان پێ ئەنجامدا و پشت بەو تۆمارە ئەلیکترۆنییە دەبەستین کە لە کوردستان هەمانە".
 
لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون. سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت، "پێم وا نییە بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە هیچ دۆخێکدا کاریگەری نەرێنی لەسەر کاتی هەڵبژاردن و خشتەی کارەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبێت".
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە