رووداو دیجیتاڵ
سبەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار هێزی چەکدار و زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە دەتوانن دەنگ بدەن.
رۆژی 08ـی تشرینی دووەمی 2025، نیبراس ئەبوو سۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت تەواوکراون و سبەی کاژێر 07:00ـی بەیانی ناوەندەکانی دەنگدان دەکرێنەوە و کاژێر 06:00ـی ئێوارە دادەخرێن.
باسی لەوەشكرد، کۆمیسیۆن دوای ئەوەی قوتابخانەکانی وەرگرت، هەموو پێداویستییەکانی رۆژی دەنگدانی بۆ گواستوونەتەوە و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ملیۆنێک و 313 هەزار و 980 دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی تایبەت لە 809 ناوەند کە چوار هەزار و 501 وێستگە لە خۆدەگرن و بەسەر 19 پارێزگاکەی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشكراون دەنگ دەدەن.
هاوکات لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، 26 هەزار و 538 ئاوارە لە سەرانسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە کە بەسەر 26 ناوەند و 97 وێستگەی دەنگدان دابەشكراون.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیایی بە هەموو دەنگدەران و بە تایبەت هێزە چەکدارەکان دەدا، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە نهێنی دەمێنێتەوە، تەنانەت کۆمیسیۆنیش نازانێت دەنگدەران دەنگیان بە کێ داوە.
کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، دەنگدان و ئامێرەکان بە شێوەیەکن کە هیچ ئاماژەیەکیان تێدا نییە بۆ ئەوەی دەنگدەر ئاشكرا بکەن، بەڵکو تەنیا دەنگەکەی هەژمار دەکرێت نەک ناسنامەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ