رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ هەڵگورد نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد و داوای کردووە هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ڕووداوەکە بکرێت و لێکۆڵینەوەی ورد و جدی لەبارەی هۆکاری روودانی کارەساتەکە بکەن.
شەوی هەینی، 08-12-2023، لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای سۆران، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مەسرور بارزانی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی "قووڵی خۆی" ئاراستەی قوربانییانی رووداوەکە کرد داوای لە بەرپرسانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی رووداوەکە بکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هەڵگورد نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجامداوە و رایسپاردووە کە هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ڕووداوەکە بیکەن."
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی داوای کردووە لێکۆڵینەوەی "ورد و جدی" لە هۆکاری کارەساتەکە بکرێت و بەدواداچوونیش بۆ رێکارەکانی سەلامەتیی لە باڵەخانە و شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، نزیک بە کاژێر 08:15 شەوی هەینی 08-12-2023، لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە قەزای سۆران ئاگر کەوتەوە و پزیشکی دادیی لە سۆران بە رووداوی گوت، بەهۆی رووداوەکەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، چەند قوتابی و مامۆستایەکی زانکۆی سۆران لە نێو ئەو کەسانەدا بوون گیانیان لەدەستدا، لەوبارەوە د. رزگار سەعید، یاریدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "باڵەخانەکە شوێنێکی ئەهلییە و پەیوەندی بە زانکۆی سۆرانەوە نییە، دەکرێت مامۆستا یان خوێندکاری زانکۆ لەو باڵەخانەیەدا نیشتەجێبن، وەکو چۆن دەکرێت کرێکارێکیشی تێدا نیشتەجێ بێت."
نزیکەی کاژێرێک دوای رووداوەکە رائید رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت کە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
سەرۆکی حکومەت بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی سۆران دەکات
ئەمشەو هەینی 08-12 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدواداچوونی رووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوەی باڵەخانەیەک لە سۆران ، لە رێی تەلەفۆنەوە، پەیوەندیی بە هەڵگورد نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە کرد.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی رووداوەکە بکەن.
سەرۆکی حکومەت هەروەها رایسپاردن لێکۆڵینەوە ی ورد و جدی لەبارەی هۆکاری روودانی ئەو کارەساتە بکەن ، بەدواداچوونیش بۆ رێکارەکانی سەلامەتیی لە باڵەخانە و شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ