رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، شارۆچکەی سەلیمییە لە پارێزگای قەرس، شەوی رابردوو رێگەی 8 گوند کرایەوە و دوو ئۆتۆمبێلیش کە گیریان خواردبوو، رزگارکران.
لە بەشێکی زۆری باکووری کوردستان بەفر دەبارێت و ئاستنەگی بۆ هاتووچۆ و ژیانی رۆژانەی هاونیشتمانییان دروستکردووە.
تەمومژ مەودوای بینینی کەم کردووە و هۆشداری دەدرێتە شۆفێران.
کورتوڵوش کاچا، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "مەودای بینین بۆ 50 مەتر کەمبووەتەوە. ئەم بەفرەی لە سەرەتادا دەبارێت، زۆر مەترسیدارە. پێویستە شۆفێران لەکاتی هاتووچۆدا وریابن.''
لە شارۆچکەی قامووشان ـی هەمان پارێزگا، زیاتر لە 15 سانتیمەتر بەفر کەڵەکە بووە و بارین بەردەوامە.
هاونیشتمانییەک دەڵێ، هەرچەندە کارکردنیان سەخت بووە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە دڵخۆشن بە بەفربارین.
جەلال گۆک، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "لە بەیانییەوە بەفربارین بەردەوامە. ئێمە بەمە دڵخۆشین، چونکە سەنتەرەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر دەکرێنەوە و کارمان باش دەبێت. چاوەڕێی بەفری زیاترین.''
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ لە 8 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر دەبارێت و تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
لە پارێزگاکانی وان، مووش و جۆلەمێرگیش بەهۆی بەفر و کڕێوەوە رێگەی 62 گوند و مەزرا داخراون و کارکردن بۆ کردنەوەی رێگەکان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ