رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزاکانی شێخان و بەردەڕەش، کەسێک بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە لە زیاتر لە 100 هاونیشتمانی بە بیانووی ناردنیان بۆ عومرە تۆمەتبار دەکرێت. هەر هاونیشتمانییەک 100 دۆلاری لێوەرگیراوە، بەڵام گەشتەکە نەکراوە و ئێستا بەشێک لەوانەی پارەکەیان لێوەرگیراوە، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکەن.
ئەو کەسەی تۆمەتبارە، بۆ هەر عومرەکارێک 100 دۆلاری وەرگرتووە؛ بەشێک لە هاونیشتمانییان بەهۆی کەمیی بڕی پارەکە، ناوی تەواوی خێزانەکەیان نووسیوە. ئەوان دەڵێن: "پێیانگوتبووین گەشتەکە لەسەر ئەرکی خێرخوازانە و ئەو پارەیە تەنیا بۆ ناونووسینە."
جەبار حازم، خەڵکی گوندی ئیسماوایە و دەڵێت، وەک نوێنەری 34 کەس، بڕی 3400 دۆلاری داوەتە ئەو کەسە. جەبار لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "11 مانگە پارەکەم پێداوە، بڕیاربوو رەمەزان بچینە عومرە، بەڵام نهچووین. پارەکە هی خەڵکی کەمدەرامەت و کرێکارە. ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ کردووە دەڵێت، 15 رۆژی دیکە دەیدەمەوە، زۆربەی کاتیش وەڵام ناداتەوە."
هەندرێن سامی، یەکێکی دیکەیە لە زیانلێکەوتووان و دەڵێت، خێزانەکەیان 800 دۆلاریان بۆ 8 کەس داوە. هەندرێن دەڵێت: "براکەم بە پارەی کرێکاریی پەتاتە 100 دۆلاری کۆکردەوە و دای بەو کەسە. چەندینجار داوای پارەکەمان کردووەتەوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز وادەی جیاوازمان پێدەدات. بەڵێن دەدات و نایگەڕێنێتەوە."
تۆمەتبارەکە بە تەلەفۆن بەشداریی لە بەرنامەی بەرپرسیار کرد؛ رەتیکردەوە پارەی خەڵکی بەردەڕەشی خواردبێت، بەڵام دانی بەوەدا نا کە پارەی نزیکەی 40 کەسی لایە.
تۆمەتبارەکە گوتی: "پارەی ئەو کەسانەم ئامادەکردووە و نایخۆم. بڕیاربوو گەشتی عومرەکە مانگی 2 بکرێت، بەڵام ئەوان پەلەیانە. هەموو پارەکە نزیکەی 3800 بۆ 5000 دۆلار دەبێت و ئەمشەو تاوەکو بەیانی بۆیان دەگەڕێنمەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو کەیسەیە و داوا دەکات سکاڵا تۆمار بکرێت.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە بە رووداوی گوت: "پێشتر هۆشداریمان داوەتە هاونیشتمانییان مامەڵە تەنیا لەگەڵ کۆمپانیای مۆڵەتپێدراو بکەن. هەر کەسێک پارەی لێخوراوە با سەردانمان بکات یان پەیوەندیمان پێوە بکات بۆ بەدواداچوون."
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، مانگێک لەمەوبەر کەسێکی دیکە پارەی خەڵکی بەناوی عومرە بردبوو و لێکۆڵینەوە تێیدا بەردەوامە. گوتیشی: "ناوی کۆمپانیاکانمان بڵاوکردووەتەوە، هەرکەسێک مۆڵەتی نەبوو، نابێت گەشتی لەگەڵ بکرێت."
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسە خاوەنی هیچ کۆمپانیایەک نییە و تاوەکو ئێستاش سکاڵای لەسەر تۆمار نەکراوە، بەڵام هەندرێن سامی دەڵێت: "بەنیازین سبەی لە دادگە سکاڵا تۆمار بکەین و بەڵگەی دەنگیمان لەلایە کە بەڵێنی گەڕاندنەوەی پارەکەی داوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ