لە شارێکی باکووری کوردستان هێرشکرایە سەر یانەی تۆپی پێی وانسپۆر

09-02-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارۆی وان (سەندیکای پارێزەرانی وان) هێرش کردنە سەر یانەی تۆپی پێی وانسپۆر سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، بەهۆی سزانەدانەوە هێرشکردنە سەر یاریزانان بەردەوامە. 
 
رۆژی شەممە، 8ـی شوباتی 2025 لە شاری خارپێتی باکووری کوردستان، دوای یاری نێوان ئەلازخسپۆر و وانسپۆر، هێرش کرایە سەر تیمی وان و پاسەکەیان و چەند کەسێک برینداربوون.
 
گۆڕانکاری لە هەڵبژاردنی ناوبژیواناندا پێش دەستپێکردنی یارییەکە و هێرشکردنە سەر یاریزانانی وانسپۆر لە کاتی یارییەکەدا و هێرشکردنە سەر پاسی ئەو یانەیە دوای یارییەکە، ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.
 
بارۆی وان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی سەبارەت بە رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن.
 
سەندیکای پارێزەرانی وان دەڵێت، "هێرشکردنە سەر وانسپۆر تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر تیپێکی تۆپی پێ، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر نوێنەرانی وەرزشی خەڵکی وان و رۆحی وەرزشی. لە سەروویانەوە وانسپۆر و سەرجەم تیپە ناوچەییەکانمان لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەدا رووبەڕووی هێرشی لەو شێوەیە دەبنەوە، بەڵام ئەم هێرشکارانە وەکو پێویست سزا نادرێن".
 
پارێزەرانی وان ئاماژەیان بەوەداوە، پێویستە ئەو کەسانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە دادگەیی بکرێن و بۆ رێگری لەو جۆرە رووداوانە رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر. 
 
دوای هێرشەکە، سەرۆکی وانسپۆر رایگەیاند، لە بەرامبەر هێرشەکاندا بێدەنگی هەیە و بە تەنیا ماونەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە