رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆنی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا خەڵاتی مانگی زێڕینی وەرگرت. بەرنامەکە لە مانگی رەمەزاندا بە ئاسمانەوە لە باڵۆنێکدا پێشکێشکرا و هەر زوو جێگەی خۆی لەنێو دڵی تەماشەڤاناندا کردەوە.
گفتوگۆی باڵۆن لە مانگی رەمەزاندا لەلایەن رەنج سەنگاوی پێشکێش کرا و هەر رۆژە و میوانداریی کەسایەتییەکی دیاری کوردستانی دەکرد.
کەسایەتییەکان لە چین و توێژی جیاوازی کۆمەڵگەی کوردی بوون؛ هونەرمەند، سیاسەتڤان، مێژوونووس، شاعیر، دادوەر، رۆژنامەنووس، وەرگێڕ و چەندین کەسایەتیی دیکە بوونە میوانی گفتوگۆی باڵۆن.
چەندین بەرنامە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە لە کێبڕکێدا بوون، بەڵام گفتوگۆی باڵۆن بە پڕبینەری و دەنگدانەوەکانی، بە شایستەی خەڵاتەکە زانرا.
ئاسۆ سەراوی، پرۆدیوسەری بەرنامەکە دەڵێت: "ئەم بەرنامەیەی گفتوگۆی باڵۆنی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە مانگی رەمەزان پێشکێش کرا، بەخۆشحاڵییەوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تاکە بەرنامەیە کە پێشنیاز کراوە بۆ ئەم خەڵاتە".
ئاسۆ سەراوی باس لەوە دەکات: "سوپاس بۆ خوا کە بەرنامەکە خەڵاتی یەکەم وەردەگرێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. چەندین بەرنامەی دیکە چوونەتە پێشبڕکێ، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە وڵاتانی عەرەبیش".
ئامادەکاریی بۆ ئەم بەرنامەیە ئاسان نەبوو. ستافی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ دروستکردنی ئەم دیمەنە جوانە، رەنجی زۆریان کێشا. پرۆدیوسەری بەرنامەکە گوتی: "دەبوو قەناعەتت بە میوانەکە بهێنایە کە بێت و قسە بکات. لەکوێ؟ لە ئاسمان. دەبینی میوانەکە دوودڵیی زۆری دەبوو، هەندێکجار نەماندەتوانی قەناعەت بە میوانەکە بکەین تا بێت و سواری باڵۆنەکە ببێت و گفتوگۆ بکات".
گفتوگۆی باڵۆن، بەرنامەیەکی گفتوگۆیی جیاواز بوو و شەوانی رەمەزان لە تەلەڤیزیۆن، رادیۆ، پۆرتاڵ و سۆشیاڵ میدیای رووداو بڵاودەكرایەوە. زیاتر لە 20 ئەڵقەی لێ پێشکێشکرا و میوانداریی 15 کەسایەتیی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ