منداڵێکی دوو ساڵان 19 موگناتیس قوت دەدات و بە نەشتەرگەری رزگاری دەکەن

09-05-2025
حەیدەر دۆسکی
وردەکاریی رووداوەکە
وردەکاریی رووداوەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی دوو ساڵ و شەش مانگ، دوای ئەوەی 19 پارچە موگناتیسی قووتدابوو، بەپەلە گەیێندرایە نەخۆشخانە و لەڕێگەی نەشتەرگەرییەکی وردەوە، پزیشکان توانیان ژیانی لە مردن رزگار بکەن. 
 
ئەو رووداوە کە لە دهۆک روویداوە، جارێکی دیکە زەنگی ئاگاداری بۆ دایک و باوکان لێدەدات سەبارەت بە چاودێریکردنی وردی منداڵەکانیان لە کاتی یاریکردندا.
 
دایکی منداڵەکە دەڵێت، چەند رۆژێک بوو بەدەست ئازاری سکیەوە ناڵاندوویەتی.
 
دایکی ناوی مریەم ئیلیاسە، بە رووداوی گوت "کچەکەم لەگەڵ خوشک و براکانی یاریی دەکرد، من ئاگاداری نەبووم. دیارە موگناتیسەکانی لەناو یارییەکانی ئەواندا دۆزیوەتەوە و یەک لەدوای یەک قووتی داون، بێ ئەوەی کەس هەستی پێبکات. کاتێک زانیمان زۆر درەنگ بوو."
 
دکتۆر هەڤاڵ ئیبراهیم، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی هیڤی، کە سەرپەرشتیی چارەسەری منداڵەکەی کردووە، رایگەیاند: "کاتێک منداڵەکە هێنرایە لامان، پشکنینەکان دەریانخست 19 موگناتیس لەناو سیستمی هەرسیدان. بەداخەوە، موگناتیسەکان لە گەدەی تێپەڕیبوون و گەیشتبوونە ناو ریخۆڵەکان، کە بووبووە هۆی کونبوون و زیان گەیاندن پێیان."
 
پزیشکەکان سەرەتا هەوڵیانداوە لەڕێگەی دووربینی پزیشکییەوە (نازوور) موگناتیسەکان دەربهێنن، بەڵام بەهۆی جێگیربوونیان لەناو ریخۆڵە و ئەو زیانەی دروستیان کردبوو، بڕیاری نەشتەرگەریی بەپەلە درا.
 
دکتۆر هەڤاڵ جەختی کردەوە: "نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو و توانیمان هەموو موگناتیسەکان دەربهێنین. خۆشبەختانە زوو پێی راگەیشتین، چونکە ئەگەر دوابکەوتینایە، رەنگە ریخۆڵەکانی تووشی زیانی گەورەتر و بێچارەسەر ببوونایە. ئێستا بارودۆخی منداڵەکە جێگیرە، بەڵام لەژێر چاودێریی ورددایە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ ئاڵۆزییەکی لاوەکی روونادات."
 
مەترسییەکانی قوتدانی تەنی نامۆ لەلایەن منداڵانەوە
 
ئەمە یەکەم کەیسی لەم شێوەیە نییە. دکتۆر ئەسعەد عومەر، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، ئاماژەی بە کەیسێکی دیکە کرد کە تێیدا کچێکی 15 ساڵ، فڵچەیەکی ددان شوشتنی قووتدابوو، کە بەهەمان شێوە لەڕێگەی دووربینەوە لە گەدەی دەرهێنراوە.
 
دکتۆر ئەسعەد هۆشداری دەدات و دەڵێت، "زۆر گرنگە دایک و باوکان و سەرپەرشتیارانی منداڵان زۆر وریا بن لەوەی منداڵ چی دەکاتە دەمییەوە. مەترسیی هەرە گەورە کاتێکە تەنێکی نامۆ دەچێتە ناو بۆری هەواوە، کە دەتوانێت لە چرکەساتێکدا ببێتە هۆی خنکان. ئەگەریش بچێتە ناو کۆئەندامی هەرسەوە، وەک ئەم حاڵەتەی موگناتیسەکان، دەتوانێت ببێتە هۆی کونبوونی ریخۆڵە، گیران، یان ژەهراویبوون، بەتایبەت ئەگەر تەنەکە پاتری یان ماددەی کیمیایی بێت."
 
ئەو پزیشکە جەختی کردەوە کە "لە حاڵەتی قوتدانی تەنی نامۆدا، دەبێت بە زووترین کات منداڵ بگەیێنرێتە نەخۆشخانە، چونکە هەرچەند زووتر دەستوەردانی پزیشکی بکرێت، ئەگەری رزگاربوون و کەمبوونەوەی زیانەکان زیاتر دەبێت."
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی نەخۆشخانەی هیڤی تایبەت بە منداڵان، تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، 58 کەیسی جۆراوجۆری قوتدانی تەنی نامۆ لەلایەن منداڵانەوە تۆمارکراون و چارەسەریان بۆ کراوە. ئەو تەنانە زۆربەیان، حەب و دەرمان، پارچەی ئاسن، پلاستیک، پاتریی بچووک و، یاریی وردی منداڵان بوون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندی نەخۆشخانەکە خەریکن فریاگەوزاریی سەرەتایی بۆ کرێکارەکە دەکەن.

لە شارەزوور کەسێک کارەبا لێی دەدات و ژیانی لە مردن رزگار دەکرێت؛ کرێکارێکی 42 ساڵان بووە

لە شارەزوور کەسێک کارەبا دەیگرێت، تووشی جەڵتە دەبێت و دڵی لە لێدان دەوەستێت، لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ دڵی دووبارە دەخەنەوە کار. سەرۆکی بەشی فریاکەوتن دەڵێت: کارەباکە لێدانی دڵی تێکدابوو.