پڕۆفیسۆرێکی کورد لەبارەی ڤایرۆسی هانتا: هاوشێوەی کۆرۆنا نابێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
دکتۆر سەلاح تۆفیق باڵەکی، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی و شاهۆ ئەمین
دکتۆر سەلاح تۆفیق باڵەکی، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی و شاهۆ ئەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی، دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (هانتا) لەناو کەشتییەکی گەشتیاریدا کە نابێتە پەتایەکی جیهانیی هاوشێوەی کۆرۆنا. رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت: "مەترسییەکە زۆر کەمە."
 
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەلاح تۆفیق باڵەکی، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 8:00 تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هانتا نابێتە پەتا، "ئەمە یەک ڤایرۆس نییە، کۆمەڵێک ڤایرۆسە و هەموویان دەگەڕێنەوە سەر خێزانی (هانتا ڤایرۆس)؛ ئەمانە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، بەتایبەتی لە رێی مشک، جرج و قرتێنەرەکانەوە."
 
'مەترسییەکەی ئاستی سێیەمە'
 
دکتۆر سەلاح باڵەکی دەڵێ، بەگوێرەی راپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، ناوەندی (CDC)ـی ئەمریکی و رێکخراوی ئینرجێسی بەریتانی، مەترسیی هانتا لە ئاستی سێیەمە، واتە "زۆر نزمە". ئەو پسپۆڕە گوتیشی: "گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ زۆر لاوازە، بۆیە ئەگەری بوونە پەتایەکی بەربڵاوی وەکو کۆرۆنا زۆر لاوازە."
 
لەبارەی جیاوازیی ئەو ڤایرۆسە لەگەڵ کۆرۆنا، دکتۆر سەلاح باڵەکی گوتی، زانیاریی زۆر لەسەر ئەو ڤایرۆسە بەردەستە و پێشتر چەندین راپۆرتی لەسەر هەبووە، ئەمە لەکاتێکدایە کۆرۆنا سەرەتا نەدەناسرا. 
 
هەروەها گوتی: "هاوئاهەنگییەکی زۆر لەنێوان وڵاتاندا هەیە و ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و هۆڵەندا فڕۆکەی تایبەتیان ناردووە بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکانیان و بۆ ماوەی 72 کاژێر کەرەنتینیان دەکەن."
 
چارەنووسی کەشتی ئیسپانیا
 
بڕیارە سبەی یەکشەممە، کەشتیی گەشتیاریی هۆندیۆس (MV Hondius) بگاتە کەناراوەکانی دوورگەی تێنێریف لە ئیسپانیا. ڤایرۆسەکە لەو کەشتییەدا بڵاوبووەتەوە کە گەشتیارانی 25 وڵاتی جیاوازی لەسەرە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ سەرنشین (ژن و مێردێکی هۆڵەندی و ژنێکی دیکەی ئەڵمانی).
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پەیامێکیدا دەڵێت: "پێویستە بە روونی گوێتان لێم بێت؛ ئەمە کۆرۆنایەکی دیکە نییە. مەترسیی ڤایرۆسی هانتا بۆ سەر تەندروستیی گشتی لە ئاستێکی نزمدا ماوەتەوە."
 
ڤایرۆسی 'ئەندێز' چییە؟
 
ئەو جۆرە ڤایرۆسەی لەناو کەشتییەکەدا دۆزراوەتەوە، ناوی (ئەندێز - Andes)ـە کە جۆرێکی دەگمەنی ڤایرۆسی هانتایە و لە ئەمریکای لاتین بڵاوە. هەرچەندە ئەو ڤایرۆسە بە گشتی لە رێی پاشەڕۆی مشکەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام ڤایرۆسی ئەندێز تاکە جۆرە کە دەکرێت "لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ" بگوازرێتەوە، ئەوەش تەنیا لەڕێی بەریەککەوتنی زۆر نزیکی وەکو هاوژینەکاندا روودەدات.
 
نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە بریتین لە تا، هەوکردنی سییەکان و کێشەی دڵ، کە رێژەی مردن تێیدا دەگاتە 38%. یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە ماوەی گەشەکردنی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا دەگاتە شەش هەفتە.
 
ئەو کەشتییە لە رۆژی یەکی نیسانەوە لە ئەرجەنتینەوە بەڕێکەوتبوو. گەشتیارێکی تورک کە لەناو کەشتییەکەدا بووە، دەڵێت تەنانەت دوای گیانلەدەستدانی یەکەم کەسیش، ژیان لەناو کەشتییەکەدا ئاسایی بووە و کەس ماسکیشی بەکارنەهێناوە، چونکە لە مەترسییەکە تێنەگەیشتبوون.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە