رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پلان هەیە سبەی نزیکەی 50 ملیار و 300 ملیۆن دینار وەک داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان دەخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی.
رۆژی شەممە، 09ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە نووسراوی فەرمیی بڕی داهاتی نانەوتیمان بۆ بەغدا ناردووە. پلانەکە بەو جۆرەیە سبەی لەگەڵ دەستپێکی دەوام، 50%ـی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان بخەینە سەر هەژماری بانکی ناوەندیی عێراق/ لقی هەولێر و دواتر دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
لەبارەی بڕی ئەو داهاتەی بڕیارە رەوانە بکرێ، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "کۆی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان نزیکەی 100 ملیار دینارە، لەو بڕەش 50 ملیار و 290 ملیۆن دیناری بۆ حکومەتی فیدراڵ دەبێت."
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەند داواکارییەکی هەیە، لەوانە ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی.
لەبارەی پرسی مووچە و داهاتەکان، رۆژی 02-05-2026، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو دڵنیایی دا کە پرسی داهاتی ناوخۆ نابێتە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و گوتی: "مووچەی مانگی چوار خەرج دەکرێ و داهات نابێتە کێشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ