لە رووها ژنێكی سووریایی لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا

09-06-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، ژنێكی سووریایی لە ماڵەکەی خۆیدا بە چەقۆ کوژرا، پۆلیس کەسێکی بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیرکردووە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان؛ رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە (8-6-2024) لە گەڕەکی باغڵارباشی لە شارۆچکەی خەلیلییە روویدا. 
 
ژنێکی سووریایی بە ناوی نوور سلێمان، تەمەن 29 ساڵ لەنێو ماڵەکەیدا بە چەقۆ کوژرا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، دراوسێکانی ژنەکە گوێیان لە دەنگەدەنگێک لە نێو ماڵی ژنەکە بووە، بۆیە دەستبەجێ پەیوەندییان بە هاوژینەکەی کردووە، کاتێک هاوژینەکەی گەڕاوەتەوە بینیویەتی هاوژینەکەی بە چەقۆ کوژراوە.
 
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، پۆلیس و تیمەکانی تەندروستی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، تەرمی نوور سلێمان بۆ پشکنین گواستراوەتەوە دادپزیشکیی رووها.
 
نوور منداڵێکی تەمەن دوو ساڵانی هەیە و دەگوترێت لەکاتی رووداوەکەدا لەگەڵ دایکی بووە. پۆلیس کەسێکی بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیر کردووە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە