رووداو دیجیتاڵ
لە باکووری کوردستان و تورکیا ناڕەزایەتییەکان دژی دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ بەردەوامن، ئەمڕۆش لە شاری ئامەد رێپێوان دەکرێت.
رێپێوانەکە کاژێر 19:00 بە بەشداریی چیدەم کڵچگون ئوچار و کەسکین بایندر بریکارانی هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) دەستپێدەکات.
رۆژی شەممە (هەشتی حوزەیران) هاوسەرۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی ناوچەی سووری ئامەد و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی دەم پارتی و دەبەپە، لە ناوەندی شار و چەند شارۆچکەیەکی ئامەد سەردانی کاسبکارانیان کرد و داوایان لێکردن بەشداری رێپێوانەکە بکەن.
لە سێی حوزەیرانەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ بەردەوامە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوەدا، دانانی قەییوم بۆ جۆلەمێرگ هەنگاوی یەکەمە.
لە دوای هەڵبژادنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری ئەمساڵ، جۆلەمێرگ یەکەم شارەوانی باکووری کوردستانە قەییومی بۆ دابنرێت.
ئەم بڕیارە نیگەرانی بەشێكی پارتە سیاسییەکان و دەنگدەری کوردی لێکەوتووەتەوە و پێیانوایە ئەگەر دەسەڵات پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا نەکات، دوور نییە هاوشێوەی ساڵانی 2016 و 2019 قەییوم بۆ شارەوانییەکانی دیکەش دابنرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ