کوردستان
گۆشتی قوربانی لە گوندی شێخانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ساڵی 2025. وێنە: هاوکار شێخانی.
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی رێسا ئاینییەکانی جەژنی قوربان، ئەمڕۆ کۆتا رۆژی قوربانیکردن بوو. بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر دەڵێت، هەزار و 461 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک سەربڕدراون، کە هەمان ماوەی پار تەنیا 873 سەر بوو.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بە کۆی گشتی لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربانی ئەم ساڵدا هەزار و 461 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون، کە هەزار و 191 سەریان ئاژەڵی بچووک و 270ـیان ئاژەڵی گەورە بوون. جگە لەوەی بەدڵنیاییەوە چەندین ئاژەڵی دیکەش لە کۆڵان و شوێنەکانی دیکەدا سەربڕدراون."
هەڵمەت هەمزە دەڵێت، "بەراورد بە جەژنی قوربانی پار، 37.4% رێژەی سەربڕینی ئاژەڵان زیادیکردووە، بەجۆرێک پار بە کۆی گشتی 873 سەر ئاژەڵ سەربڕدران، کە 672یان ئاژەڵی بچووک و 201یان ئاژەڵی گەورە بوون."
لەبارەی رەتکردنەوەی ئاژەڵ و گۆشت، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر گوتی، "پێش سەربڕین 9 ئاژەڵی بچووک و دوو ئاژەڵی گەورەمان رەتکردنەوە، دوای سەربڕینیش دوو تۆن و 272 کیلۆ گۆشت بەهۆی گومانکردن لە تێکچوون و بوونی نەخۆشیی، رەتکرانەوە و لەنێوبران."
هەڵمەت هەمزە ئاماژەی بەوەش کرد، "لە لایەن تیمەکانی شارەوانی و لیژنە تایبەتەکانەوە، دەست بەسەر 122 ئاژەڵی بچووک و یەک ئاژەڵی گەورەدا گیراوە، کە خاوەنەکانیان دەیانویست لە کۆڵان و شوێنە گشتییەکاندا سەریان ببڕن، 15 کەسیش بەو تۆمەتە دەستگیرکراون."
رۆژی هەینی، 6ی حوزەیران، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ