رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی هەینی لە گوندی خاڵەبەگ لە سنووری قەزای رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان، شەڕە تەقە لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا و چوار کەس کوژران و 7 کەس دیکەش بریندار بوون. پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، پێنج کەس دەستگیرکراون و دۆسیەکە ئەمڕۆ دەبرێتە دادگە.
رائید سەربەرز عومەر، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێنج کەس دەستگیرکراون، دووانیان خۆیان رادەستکردووە و دەڵێن پەیوەندییان بە دۆسیەکەوە نییە، تەنیا لە کاتی رووداوەکەدا لە گوندەکەدا بوون".
بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد: "رەنگە دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی دیکەش دەربکات، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە هەموویان تۆمەتباری رووداوەکە بن".
بەگوێرەی یاسا، ئەو 7 کەسەی بریندارن، بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و بەڕێوەچوونی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، هەموویان وەک دەستبەسەرکراو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ و لەژێر چاودێریی پۆلیسدا چارەسەر وەردەگرن.
سەربەرز عومەر گوتی، ئەمڕۆ دۆسیەکە بە فەرمی دەخرێتە بەردەست دادوەری لێکۆڵینەوەی و بڕیاری نوێی لەبارەوە دەدات.
رووداوەکەی گوندی خاڵەبەگ
رووداوەکە هەینی 19-12-2025 لە گوندی خاڵەبەگ روویدا. جەمال مام ساڵح، قایمقامی رزگاری بە رووداوی گوت: "بەهۆی کێشەی زەویوزار روویداوەکە روویداوە و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون و حەوتی دیکەش بریندار بوون".
بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ حەوت بریندارەکە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان".
بەگوتەی قایمقامی رزگاری، کەیسی ئەو دوو ماڵباتە لە دادگە بووە و پێش بڕیاری دادوەر بووە بەشەڕیان و رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە.
ئەوانەی لەو رووداوەدا کوژران سێیان برا بوون بە ناوەکانی فەرەیدوون حەسەن، بێستوون حەسەن و فەرهاد حەسەن. ئەوەی چوارەمیش لە هەمان ماڵبات بوو، کە ئامۆزا و زاوای سێ کوژراوەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ