سیستمی زیرەکی ئاودێری لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت

09-09-2022
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
لە هەولێر چوار جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی بە سیستمی ئاودانی زیرەک بەرهەم دەهێنرێت
لە هەولێر چوار جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی بە سیستمی ئاودانی زیرەک بەرهەم دەهێنرێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرهەمی ئەمساڵی جووتیارێک گەنم، شوتی، گەنمەشامی و ئالیکە، شێوازی ئاودانی بەرهەمەکانی بە رێگەی سیستمی دڵۆپاندن و پرژاندنە. سوبحی عەلی، 20 ساڵە جووتیارە، دوو ساڵی وشکەساڵی وایکردووە کەمتر زەوییەکانی بکێڵێت و بەرهەمی کەمتربێت. 
 
سوبحی عەلی، جووتیارێکە و دەڵێت، "ئاو و کارەبا دوو پێداویستی سەرەکی ئێمەن بۆ کاری جووتیاری، بەڵام دوو ساڵە ئەو دوو شتەش بە تایبەت ئاو کەمیکردووە. ئەم سیستمە زیرەکە زۆر باش دەبێت ئەگەر حکومەت پاڵپشتیمان بکات." 
 
زیاتر لە دوو مانگە کۆلێژی کشتوکاڵ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بە هاوئاهەنگی کۆمپانیاییەکی ئەمریکی لە کێڵگەیەکی سنووری گردەڕەش لە هەولێر چوار جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی بە رێگەی سیستمی ئاودانی زیرەک بەرهەم دەهێنن.
 
د. سامان سورچی، سەرۆکی بەشی بەربوومی کێڵگەیە لە کۆلێژی کشتوکاڵ دەڵێت: سیستمەکە زۆر بەشێوەیەکی ئاسان کاردەکات و پێویستی بە کارەبا نییە، کەسیشی ناوێت تاوەکو ئاگاداری بێت، تەنیا تانکییەکە لە شوێنێکی بەرزبێت لە رێگەی ئەو ئامێرە، کۆنتڕۆڵی پەستانی ئاوەکە دەکات و ئەو تیوبانەش بەپێی پێویستی رووەکەکە ئاوەکە دەدات، ئەو سیستمە بە بەراورد بە ئاودێری دڵۆپاندن و پرژاندن 75% ئاو دەگێرێتەوە." 
 
پڕۆژەی سیستمی ئاودانی زیرەک بۆ کاری کشتوکاڵی لە 2008وە لە ئەمریکا و 50 وڵاتی دیکە سوودی لێوەردەگیرێت، بۆ دانانی سیستمەکە بۆ هەر دۆنمێک 4500 دۆلار پێویستە. 
 
جۆن لانگستن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای RDI رایگەیاند، "لە پلانی داهاتوومان دەمانەوێت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، رێکخراوە ناحکومیەکان و هەموو ئەو کەسانە کاربکەین کە حەزدەکەن کاربکەن بۆ پاراستنی ئاو و گەشەپێدانی رووەکەکان، دەمانەوێت بەرهەمەکانیان پێبفرۆشین و بتوانن باش کاری پێبکەن و ئەنجامی درێژخایەن و زۆر باشیان دەستبکەويت." 
 
سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان پێنج رووبارن، زۆربەیان لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستانەوە دەڕژێنە هەرێمی کوردستان؛ بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵانە 5 ملیار مەتر سێجا ئاو لە کەرتی کشتوکاڵدا بەکاردەهێندرێت و  2 ساڵیشە 70% ئاستی ئاوی سەرزەوی کەمیکردووە. 
 
د. کاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو کشتوکاڵەی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بەرهەمەکەی زۆر کەمترە بە بەراورد بەو ئاوەی رۆژانە لە کەرتی کشتوکاڵی بەکاردەهێندرێت، بۆیە ئەو سیستمە ئاودێرییە زیرەکە دەبێتە رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵی." 
 
بڕیارە وەزارەتی کشتوکاڵ دوای تەواوبوونی هەموو رێگەکانی تاقیکردنەوەی سیستمی ئاودانی زیرەک، ئەوکات بڕیار لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بدات. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە