رووداو دیجیتاڵ
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا رایگەیاند، "ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بە داکۆکی و داواکاریی مکوڕانەی نێچیرڤان بارزانی هەڵگیرا".
هەڤاڵ ئەبوبەکر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەگەڵ ئەو هەوڵ و لێکتێگەیشتنە بەردەوامانەی ماوەکانی رابردوودا؛ پەیوەست بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکشئێرلاین، لە ئارادابوون و، بڕیاربوو ڕۆژی 3ی ئەم مانگە ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڵبگیرێت و، کۆمپانیاو دامەزراوە گەشتیاریی و فڕۆکەوانییەکان راسپێردرابوون خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان ئامادەبکەن، بەڵام لەو رۆژەدا چاوڕواننەکراوانە ماوەی ئابڵوقەکە درێژکرایەوە".
پارێزگاری سلێمانی جەختی لە کاریگەریی داواکاریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە: "ئەمڕۆ، لە دیداری بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیادا، ئەم بابەتە؛ بە پشتیوانیکردنی گشت هەوڵەکانی پێشووی هەموو دڵسۆزان و بەداکۆکیکردن و داواکاریی مکوڕانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خرایەوە بەر باس و بەسوپاسەوە بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری لابردنی ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دا، لە ئێستادا چاوەڕوانی گەیشتنی نامەی ئەلکترۆنیی دەسەڵاتیی فڕۆکەوانیی تورکیا (نۆ تام)؛ بۆ دەسەڵاتی فڕکەوانیی عێراقی فیدراڵ و بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی".
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سوپاسی هەموو لایەنەکانی کرد: "لێرەوە بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە سوپاسی هەموو هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەوڵەتی تورکیاو تەواوی ئەو دڵسۆزانە دەکەین کە لە ئێستاو رابردوودا لە هەوڵی بەردەوامدابوون بۆ کۆتایهێنان بە ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی."
لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2025)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا کۆبووەوە، و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی و لەسەر رەزامەندی و راسپاردەی ئەردۆغان ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆککۆماری تورکیای کرد و رایگەیاند: "ئهم بڕياره له چوارچێوهى پهيوهندييه پتهوهكانى ههرێمى كوردستان و كۆمارى توركيادا دێت كه دڵنياين يارمهتيدهر و هاوكار دهبێت بۆ برهودانى زياتر به هاريكاريى هاوبهش و له بهرژهوهنديى ههردوولا و بهتايبهتى له بهرژهوهنديى هاووڵاتيانماندا له سنوورى سلێمانى دهبێت".
بۆ یەکەم جار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە. رووداوەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ