لە سلێمانی تەرمی ژنە کارمەندێکی دادگە دەدۆزرێتەوە

09-11-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، تەرمی ژنێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە شەقامی 60 مەتریی سلێمانی دۆزرایەوە کە شوێنەواری سێ گوللە بە جەستەیەوە دیارە. دەشڵێت" گەنجێکیش لە دووکان خۆی کوشتووە و رەنگە پەیوەندیی بە رووداوەکەی سلێمانییەوە هەبێت."
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژنەکە کوردە و تەمەنی لە 35 ساڵە. تەرمەکەشی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە."
 
پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و تەرمی ژنەکەش رەوانەی دادپزیشکی سلێمانی کراوە. سەرکەوت ئەحمەد ئاماژە بەوەش دەدات "تاوەکو ئێستا نازانین کوژراوە یان خۆی کوشتووە."
 
رووداوەکە کاژێر 09:50 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە 09-11-2020 لە شەقامی مەلیک مەحموود روویداوە، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات "دوو ئۆتۆمبێل لە شوێنی رووداوەکە بوون، دواتر یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان رۆیشتووە و تەرمی ژنەکەش لەنێو ئۆتۆمبێلەکە بەجێماوە." 
 
ئەو ژنەی کوژراوە ناوی شۆخان عارفە و براکەی بە رووداوی راگەیاند، دوو منداڵی لەدوای خۆی جێهشتووە کە تەمەنیان 10 ساڵ و 12 ساڵە. 
 
لە دووکانیش گەنجێک لەنێو دەریاچەکە گوللەیەکی ناوە بەسەری خۆیەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە، هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی راگەیاند، پۆلیسی لەبارەی هەردوو رووداوەکەی سلێمانی و دووکان بە رووداوی راگەیاندووە کە " گومانی بەهێز هەیە کە هەردوو رووداوەکەی سلێمانی و دووکان پەیوەندییان بەیەوە هەبێت."
 
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەدات، کە ئاسایش هاتووەتە شوێنی رووداوەکەی سلێمانی و کامێراکانی چاودێری لەنزیک شوێنی رووداوەکە لێداوەتەوە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا بکرێت و بۆ دەزگاکانی راگەیاندنی ئاشکرا بکەن. 
 
هۆرڤان رەفعەت سەبارەت بەو گەنجەی کە لە دەریاچەی دووکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە دەڵێت "گەنجەکە چووەتە لای بەلەمەوانێک و دواتر پێیوتوە کە لەگەڵی بێتە نێو دەریاچەکە بەمەبەستی وێنەگرتن. دواتر گەنجەکە موبایلەکەی داوە بە بەلەمەوانەکە و دواتر گوللەیەکی بە سەری خۆیەوە ناوە. تاوەکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە."
 
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 09-11-2020، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەبارەی هەردوو رووداوەکە ئەنجام بدات و زانیاریی نوێ لەبارەی رووداوەکە ئاشکرا بکات. 
 
 
رووداوەکانی خۆکوشتن و کوشتن لە باشووری کوردستان زیادییان کردووە، تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوو دوو گەنج لە شاری سلێمانی خۆیان کوشتووە. 
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 04-11-2020، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ لە نهۆمی 13ی باڵەخانەیەکی شاری سلێمانییەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. 
 
هەروەها رۆژی یەکشەممەی رابردوو گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ لە گەڕەکی چیای شاری سلێمانی بە کڵاشینکۆف کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، "ئەو گەنجەی سەرەتای ئەم هەفتەیە خۆی کوشتووە خوێندکاری پۆلی 12ی ئامادەیی بووە، هۆکاری خۆکوشتنەکەشی کێشەی خێزانی بووە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاوکارییەکە بە هاوئاهەنگی نێوان دەزگای خێرخوازی بارزانی و کارگەی ئیستەنبووڵ بۆ پەردە بووە.

پەردە بۆ زیاتر لە 500 ماڵی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی شۆڕش دابینکرا

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی کارگەیەکی دروستکردنی پەردە، بۆ زیاتر لە 500 ماڵی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی چەمچەماڵ، پەردە دابین دەکات. بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگا خێرخوازییەکە دەڵێ، هاوکارییان بۆ زیانلێکەوتووان بەردەوام دەبێ.