کوردستان
دەنگدانی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن لە بنکەی دەنگدانی ماردین لە سلێمانی. وێنە: پێشەوا بەختیار - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت؛ لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان و لە 26 هەزار ئاوارە دەتوانن دەنگ بدەن، لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێرانی هەڵبژاردن بەشدار دەبن.
لە هەرێمی کوردستان 224 هەزار و 333 دەنگدەری تایبەت هەن.
رۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەم، دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
دەنگدانی تایبەت ئەمڕۆ تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام دەبێت. 809 بنکە بۆ دەنگدەرانی هێزە ئەمنییەکان و 27 بنکەی دیکە بۆ دەنگدانی ئاوارەکان تەرخان کراوە کە لەگەڵ دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان دەنگ دەدەن.
یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 دەنگدەری تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن کە 6%ی تێکڕای ئەو کەسانەن دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی دەنگدەرانی تایبەت و ئاوارەکان دەنگ دەدەن، کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان لێ وەردەگیرێتەوە و پسوولەیەکیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن لە رێگەیەوە کارتەکانیان وەربگرنەوە."
زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە بەغدا بەشدار دەبن کە 317 هەزار و 314 دەنگدەرن. کەمترین دەنگدەری تایبەت لە پارێزگای دیوانییە دەنگ دەدەن کە 20 هەزار و 236 دەنگدەرن.
276 هەزار و 613 کەس لە دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان 224 هەزار و 333 دەنگدەری تایبەتی خۆی هەیە کە لە خەڵکی چوار پارێزگاکەن.
حەسەن زایر رایگەیاند، "هەمان رۆژ جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات، بەڵام ئەنجامەکەی تێکەڵ بە ئەنجامی دەنگدانی گشتی دەکرێت."
بەگوێرەی ئامارى کۆمیسیۆن، 26 هەزار و 538 ئاوارە دەتوانن دەنگ بدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای نەینەوان کە 26 هەزار و 447 دەنگدەرن، ئەوانی دیکە خەڵکی کەرکووک و سەلاحەدین و ئەنبارن.
ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، 25 هەزار و 986یان لە دهۆک، 547یان لە هەولێر و پێنج دەنگدەریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەنگ دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ