چاکسازیی گەورانی سلێمانی و زیندانیان لەبارەی گیانلەدەستدانی کەسێک قسەی پێچەوانە دەکەن

10-01-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سزادراوێک لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی گیانی لەدەستدا، بەرپرسانی زیندانەکە دەڵێن "خۆی کوشتووە" و هاوزیندانییەکانیشی دەڵێن "کوژراوە"، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییش رایدەگەیێنێت، لیژنەیەکی باڵا هەموو راستییەکان دەخاتەڕوو.
 
رۆژی هەینی 07-01-2022 لە زیندانی چاکسازیی گەورانی سلێمانی سزادراوێک گیانی لەدەستدا، سەبارەت بە رووداوەکە، سۆران باجەلان، بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو زیندانییە شەوی پێشتر لەگەڵ زیندانییەکانی دیکەدا شەڕی بووە و بە چەقۆ لە زیندانییەکانی داوە. بە گوێرەی یاسا، بەرپرسی زیندانەکە لەو کاتەدا جیای کردووەتەوە و بردوویەتیە ژوورێکی دیکە؛ ئەوە بۆ هەموو زیندانییەک بەو جۆرەیە، دواتر لە گەرماودا زیندانییەکە بە فانیلەکەی خۆی خنکاندووە".
 
سەبارەت بەو رووداوە، چەند سزادراوێک لە چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە پەیوەندییان بە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایانگەیاند، ئەو سزادراوە براوەتە ژووری تاکەکەسییەوە و لەوێ "کوژراوە".
 
یەکێک لە سزادراوانی چاکسازیی گەورانی سلێمانی بەم شێوەیە باسی لە رووداوەکە کرد، "ئێمە لەوێ بووین، شەڕ لە هۆڵەکەدا دروستبوو، ئەو کەسەی کوژرا راستە چەقۆی بەکارهێناوە، لە شەڕەکەدا بۆکسی کەسی کوژراو بەر یەکێک لە کارمەندەکانی زیندانەکە کەوت، ئەوە بووە هۆی کوشتنی ئەو زیندانییە. ئەویان بردە ژووری تاکەکەسی، من خۆم پێشتر براومەتە ئەو ژوورەوە، باوەڕبکەن هیچی تێدانییە و جلوبەرگێکی تایبەتیشت پێدەدەن کە لاستیکی بەندوخوێنیشی تێدانییە و تایبەتە و هیچ بۆ خۆکوشتن نابێت".
 
ئەو زینداییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی "ئەگەر بەرپرسانی زیندان راست دەکەن، ڤیدیۆی کاتی خۆکوشتنەکە بدەنە ئێوە بڵاوی بکەنەوە، چونکە لە ژووری تاکەکەسی کامێرای چاودێری بەسەر سەرتەوەیە. ئەو کەسە موسڵمان و لەخواترس بوو، چۆن خۆی دەکوژێت؟ بۆیە دڵنیاین کوژراوە".
 
کاردانەوەکان تەنیا بۆ گیانلەدەستدانی ئەو سزادراوە نین، هەندێک سزادراوی دیکە لە پەیوەندییەکی دیکەدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ناڕەزاییان لە هەڵسوکەوتی بەشێک لە بەرپرسانی زیندانەکە دەربڕی.
 
یەکێک لە سزادراوان گوتی، "ئێمە لە بەڕێوەبەری گرتووخانەکە رازین، بەڵام کەسێکیان داناوە وەکو بەڕێوەبەر هەڵسوکەوت دەکات و بێڕێزیی زۆرمان پێدەکات".
 
هەندێک لە سزادراوان دەڵێن، لەسەر دەمەقاڵێیەکی "بچووک" ئەو کەسە هێزیان بۆ دەبات و دەیانباتە ژووری تاکە کەسی و ئەشکەنجەیان دەدات.
 
یەکێکیان گوتی، "داواکارم داواکەمان بگەیێنن، سنوورێک بۆ ئەو کەسە دابنێن، ئێمەش کوڕی ئەو گەلەین، ئێستا من لەگەڵ رووداو قسە دەکەم ئەو کەسە پێم بزانێت ژیانم دەکەوێتە مەترسییەوە، من نەخۆشم، جارێک ئەو کەسە پێی گوتم، دەمت دانەخەی دەتکوژم و دەڵێم بە نەخۆشییەکەی مردووە".
 
رۆژی شەممە 08-01-2022، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەردانی چاکسازیی گەورانی سلێمانیم کرد بۆ بەدواداچوون لە هۆکاری گیانلەدەستدانی سزادراوێک و بڕیارماندا لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت پێکبهێنین بۆ دەرخستنی راستییەکان، دواتر هۆڵەکانم بەسەرکردەوە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی سزادراوان".
 
رۆژی یەکشەممە 09-01-2022 ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەنیا ئەوان لێکۆڵینەوە لە رووداوی گیانلەدەستدانی سزادراوەکە ناکەن و پۆلیسیش هەستاوە بە کارە یاساییەکانی خۆی و هەڵگرتنەوەی شوێندەست و پەنجەمۆر بۆ زانینی چۆنێتیی رووداوەکە.
 
لە وەڵامی ناڕەزایی سزادراواندا کە دەڵێن کەسێک بێڕێزییان پێدەکات، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "سەرجەم ناڕەزاییەکان گەیشتوون، خراونەتە بەردەستی وەزیر، بە دڵنیاییەوە لێکۆڵینەوە لە هەموو شتێک دەکرێت، ئەو کەسەشی تۆمەتبار دەکرێت بە ئەشکەنجە و سزادان، بەرپرسی پاسەوانەکانە و بێ چەکە".
 
زیندانییەکان داواکاربوون سوود لە کامێراکانی چاودێری وەربگیرێت بۆ رووداوی گیانلەدەستدانی سزادراوەکە و رووداوەکانی دیکە، ئاریان ئەحمەد دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە سوود لە کامێراکان وەردەگیرێت و کەسیش ناتوانێت دەستکاریی کامێراکان بکات، نەوەکو تەنیا وەزارەتی ئێمە، لیژنەکانی پەرلەمان و پۆلیسیش لەوبارەیەوە کارەکانی خۆیان دەکەن".
 
چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێن. لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی نزیکەی 1200 سزادراو هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە