رووداو دیجیتاڵ
لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە شاری میاندواوی سەر بە پارێزگەی ورمێ، 80 کەس بەهۆی دزەکردنی گاز ژەهراوی بوون.
سامان محەممەدی، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی شاری میاندواو، ئەمڕۆ (شەممە، 10-2-2024) گوتی "شەوی رابردوو لە یەکێک لە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان گازی دووانۆکسیدی کاربۆن بڵاوبووەتەوە، بەم هۆیەوە 80 کەس ژەهراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون."
بەگوتەی سامان محەممەدی، شەوی رابردوو لەو ئاهەنگەدا هەندێ لە میوانەکان دڵیان تێکهەڵاتووە و هێڵنجیان هاتووە، بۆیە چەند تیمیکی شارەزا رەوانەی شوێنەکە کراون و لێکۆڵینەوەیان لە بابەتەکە کردووە.
بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی میاندواو گوتیشی تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە گاز لەنێو هۆڵەکەدا بڵاوبووەتەوە، بۆیە هەموو خەڵکەکەیان بردووەتە دەرەوە. سەبارەت بە سەرچاوەی گازەکەش، بەگوتەی سامان محەممەدی گازەکە لە سۆبایەکەوە بڵاوبووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی راگەیاندنە خۆجێیەکان، ئەو کەسانەی ژەهرای بوون باری تەندروستییان جێگیرە و بەشێکیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، ئەوانەش کە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە کەسانی بەساڵاچوو و منداڵن.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، دەیان کەس بەهۆی بڵاوبوونەوەی گاز و ژەهراویبوون بە گاز، گیان لەدەستدەدەن یان ژەهراوی دەبن.
لە وەرزە ساردەکانی ساڵدا ژمارەیەکی زیاتری خەڵک ژەهراوی دەبن، کە هۆکارەکەی بۆ بەکارهێنانی سۆبا گازییەکان و کەمتر گرنگیدانە بە لایەنی خۆپارێزی لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی خۆگەرمکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ