رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە ناوچە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، لە یەکشەممەوە کەش سەقامگیر بێتەوە و پلەی گەرما بەرز بێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 10-02-2026، رایگەیاند، "لە سەرجەم ناوچەکان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێ، لە سنووری دهۆک بارانی بەلێزمە دەبارێت. لە ناوچە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێ".
کەشناسی لەبارەی کەشوهەوای چوارشەممەوە دەڵێت: "لە زۆرینەی ناوچەکان نمەبارانی پچڕ پچڕ دەبارێ، لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و بەشێکی ئیدارەی سۆران بارانی بەلێزەمە دەبارێ و لە ناوچە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێ".
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا بە رووداوی گوت: "سبەی و دوو سبەی بارانبارین لە هەندێک ناوچە بەردەوام دەبێ. پێنجشەممە بارانی زیاتر دەبارێ".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، ناسەقامگیری کەش تاوەکو شەممە بەردەوام دەبێ و لە یەکشەممەوە دۆخەکە بەرەو سەقامگیری دەچێ و پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما "چەند پلەیەک" نزم دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 15 پلەی سیلیزی
دهۆک: 14 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 13 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 16 پلەی سیلیزی
پیرمام: 10 پلەی سیلیزی
سۆران: 12 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 7 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 13 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 13 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ