رووداو دیجیتاڵ
دادگەی سلێمانی دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دواخست. پارێزەرێکی دەستگیرکراوانی لالەزار دەڵێت: "دۆسیەکە لە تەمیزە لە هەولێر، بۆیە دانیشتنەکە دواخراوە".
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆسیەی کاک لاهوور و 10 کەسی دیکەی لالەزار پەڕاویان بۆ وردبینی لە دادگەی تەممیزی هەولێرە و لە هەولێریش هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە، بۆیە دانیشتنەکە دواخراوە".
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، "بۆ هەر دادگەییەک دەبێ لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی ئامادەبن لە بەردەم دادوەر، بەڵام چونکە دادگەی تەممیز بڕیاری لەسەر کەیسەکە نەداوە، دادوەریش کاک لاهوور و هاوڕێکانی بانگی دادگە نەکردووە و دانیشەنەکەی دواخستووە بۆ 9ـی مانگی داهاتوو".
لە 04ـی ئەم مانگەدا دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و برایەکی و 10 هاوڕێی دیکەیان بۆ وردبینی رەوانەی هەولێر کراوە.
پارێزەر قادر ئاغا مەنتک گوتی: "تەواوی دۆسیەکە نێردراوە، دادوەری تەمیز بڕیاری لەسەر دەدات کە دادگاییکردنی هەر 12 کەسەکە لە کام دادگەی هەرێمی کوردستان و لە کام پارێزگا دەبێت".
پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان دادوەر بڕیار دەدات کە هەر لە سلێمانی دەمێننەوە، یان بۆ دادگایی دەبرێنە شارێکی دیکە.
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کراون، لەوانە 7 کەس لە 03ـی ئەم مانگەدا ئازاد کران، پێش ئەوان لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازاد کرابوون.
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازینەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ