رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات بە تەلەفۆن قسەیان کرد. هەردوولا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆنسووڵخانەی ئیماراتیان لە هەولێر کرد و مەسرور بارزانی دڵنیاییدا لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە (10-3-2026)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ئیمارات. هەروەها "گرنگیی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و ئەبوزەبییان دووپات کردەوە."
تەوەرێکی سەرەکیی پەیوەندییەکە بۆ هێرشەکانی ئەم دواییە بوو؛ هەردوولا سەرکۆنەی هێرشی شەوی رابردووی سەر کۆنسووڵخانەی ئیماراتیان لە هەولێر کرد و جەختیان لەوە کردەوە "ئەم جۆرە هێرشانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتین."
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە "هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان."
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی ئیمارات پێزانینی خۆی بۆ هاوئاهەنگیی باشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی. هەردوولاش جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ