رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ پێگەیشتنی بامیە لە خوارووی عێراق، گەیشتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. لە هەولێر کیلۆیەکی بە 25 هەزار دینارە و لە سێلمانی بە 30 هەزار دینارە. سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانیش دەڵێت، سەرەڕای گرانیی نرخەکەی، رۆژانە 250 بۆ 300 کیلۆ دەفرۆشرێت.
رۆژی دووشەممە 10-04-2023 دانا عەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەک جۆر بامیە لە عەلوەی هەولێر دەفرۆشرێت، ئەویش لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق و بە دیاریکراوی لە شاری حیللـەوە دێت، کە لە عەلوە کیلۆی لە 15 هەزار دینار کەمتر نییە، دووکاندارەکانیش بە 25 هەزار دینار دەیفرۆشن.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر هۆکاری ئەو نرخە زۆرەی بامیە بۆ کەمیی لە بازاڕ و زۆریی خواست لەسەری دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ئێستا سەرەتای وەرزی بامیەیە، بۆیە بڕێکی کەم لە عەلوە هەیە، بەڵام رەنگە 15 رۆژی دیکە کە بەرهەم زیاد دەبێت کیلۆیەکی ببێتە 5000 دینار."
ماوەی هەفتەیەکە بامیەی شارەکانی خوارووی عێراق گەیشتووەتە عەلوەی هەولێر، سەرەڕای گرانیی نرخەکەی، بەڵام دانا عەزیز دەڵێت، "رۆژانە بڕێکی زۆر دەفرۆشرێت، ژمارەیەکی دیاریکراو بەردەست نییە، بەڵام دەتوانین بڵێین لەم ماوەیەدا زیاتر لە یەک تۆن فرۆشراوە."
لە عەلوەی سلێمانی بامیەی ئێرانی و عێراقی هەیە. سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بامیەی ئێرانی کیلۆی بە 6000 دینارە و بامیەی عێراقیش لە عەلوە دەوروبەری 15 بۆ 16 هەزار دینارە، بەڵام لە دەرەوەی عەلوە بە 30 هەزار دیناریش فرۆشراوە.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی، رۆژانە لە عەلوەی سلێمانی 250 بۆ 300 کیلۆ بامیە دەفرۆشرێت. سەبارەت بە نرخەکەشی گوتی، "بەردەوام لەسەرەتای وەرز نرخی بامیە گرانە، بەڵام ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخەکەی زیاتر بەرزبووەوە، ساڵی رابردوو لە عەلوە کیلۆیەک بامیە بە 12 هەزار دینار بوو، ئەمساڵ بۆ 16 بەرزبووەتەوە."
ماوەی 10 رۆژە بامیە لە عەلوەی سلێمانی دەفرۆشرێت. سەروەر عەلی دەڵێت، "سەڕەرای گرانیی نرخەکەی، بامیە خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی بەرهەم نرخەکەشی دادەبەزێت و رەنگە لە داهاتوودا ببێتە دوو هەزار دینار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ