رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای رواندز سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە لایەن هاونیشتمانییەک و هاووڵاتییەکی ئەمریکی، بە ماوەی نزیکەی شەش مانگ ئۆتۆمبێلێک لە دار دروست دەکرێت.
ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی لە داری گوێز دروستکراوە، تەنیا بزوێنەر، گێڕ و تایەی دار نین، پێشتر ئەو ئۆتۆمبێلە کە لە جۆری ساسووکی مۆدێل 1999 بوو، سووتاوە و تەنیا بزوێنەرەکەی ماوەتەوە. ئەو وەستاکارە ئەمریکی و هاونیشتمانییە جارێکی دیکە ئۆتۆمبێلەکەیان لە دار دروستکردووەتەوە و مۆدێلەکەشیان کردووە بە 2022.
درێژیی ئۆتۆمبێلەکە سێ مەتر و 30 سانتیمەترە، پانییەکەی 160 سانتیمەتر و بەرزییەکەی 170 سانتیمەترە. وەکو خاوەنەکەی باسی دەکات، بڕی دوو هەزار و 500 دۆلار تێچووی دروستکردنی بووە.
عومەر ئیبراهیم، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بە رووداوی گوت، "لە دار گوێز دروستکراوە، شەش مانگ خەریکی دروستکردنی بووینە، کڕیاری زۆرم هەن، بەڵام نیازم بە فرۆشتن نییە، ئەگەر هەرچەند پارەشم بدەنێ. پێوەری خێرایی بەنزین و گەرمپێوی نییە."
ئۆتۆمبێلەکە بزوێنەری بەنزینە، پێنج گێڕ و دەبڵ ئەکسڵە، دەتوانێت هەوراز و نشێوی سەخت ببڕێت.
عومەر ئیبراهیم، خاوەن ئۆتۆمبێلەکە باسی لەوەش کرد، "هەموو شتی خۆی لەگەڵە، باج و ژمارەی هەیە، کە سووتا شتەکانی لەنێو چوون، بەڵام وەریاندەگرمەوە و هیچ کێشەیێکی نییە بۆ ئەوەی پێی بگەڕێم."
ئۆتۆمبێلەکە پێشتر لە جۆری ساسوکی بووە و سووتاوە، وەستاکارێکی ئەمریکی کە لە رواندز دارتاشە، دروستی کردووەتەوە.
ئەندرۆ بیڵی، دارتاش گوتی، "لە دەستپێکدا تەماشایەکی ئینتەرنێتم کرد و گەڕام بە دوای چەند بیرۆکەیەک. لە گوگڵ تەنیا نووسیم ئۆتۆمبیلی دار و هیچم نەدۆزییەوە تەنیا ئۆتۆمبیلی منداڵانەم دۆزییەوە کە وەکو یارییەک بەکاردەهێنرێت. منیش ئەوەم وەکو بناخەیەک بۆ کارەکەم بەکارهێنا بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکم هەبێت چۆن دارەکان بە یەکدی ببەستمەوە."
عومەری خاوەن ئۆتۆمبێلەکە پەنچەر چییە، بەڵام رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئۆتۆمبێلەکەی لە ناوچە گەشتیارییەکانە و دەرفەتێکی دیکەی کاری بۆ خاوەنەکەی رەخساندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ