روودو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەو داتایانەی لەبارەی داهاتەوە بڵاوکراونەتەوە "ناڕاستن" و بە پێویستی دەزانێت پەرلەمانی کوردستان لێپێچینەوە لە نەمانی داهات لە سلێمانی بکات.
بەپێی روونکردنەوەیەک لەسەر کۆی داهاتی هەرێمی کوردستان کە میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، بۆ مانگی 3ـی 2022 زیاتر لە ترلیۆنێک و 100 ملیار دینار بووە و لە كۆی ئەو داهاتەش تەنها 34%ـی دراوەتە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین و 66%ـی دراوەتە هەولێر و دهۆک.
رۆژی سێشەممە 10-05-2022، هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان میوانی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە دڵدار هەرکی و هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکەن، لەبارەی داهاتی کوردستان و دابەشکردنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە رایگەیاند: کێشەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی کێشەی نەتەوەیی نین، بەڵکو کێشەی ئیداریی و دارایین لە هەرێمی کوردستان و دەکرێت چارەسەر بکرێن.
هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت: ئەو روونکردنەوەم خوێندەوە کە بەناوی میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوبووەتەوە و زۆر جێگەی نیگەرانییە، چونکە سەرۆکی لیژنەی دارایی کە لە برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و من جێگری سەرۆکی ئەو لیژنەیەم؛ 21 پەرلەمانتاریان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و دەتوانن داوای بەڵگەی سەلمێندراو بکەن لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەگەر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ستەم لە خەڵک و مووچەخۆرانی سلێمانی بکرێت، من وەکو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی دارایی وەکو فراکسیۆنی پارتی وەک پەرلەمانتار با بێنە پەرلەمانی کوردستان بەڵێن بێت بەرگری لە دینار دینار، عانە، عانەی خەڵکی سلێمانی بکەین... پارەکەیان لە کوێیە و کێ دەیخوات؟ ئەگەر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پارەیان دەخورێت و پارە ناچێتە سلێمانی بەڵێنیان پێدەدەین کە ئەو مافەیان بۆ وەردەگرینەوە.
بە گوتەی هێڤیدار ئەحمەد، ئەو داتایانەی کە لە روونکردنەوەکەی میدیای یەکێتی بڵاوکراونەتەوە "راست نین؛ ئەوان هاتوون باسی داهاتی مانگی 3 دەکەن؛ هێشتا بەشێکی زۆری مووچەخۆرانی سلێمانی مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا پارەی داهاتی نەوت، ئەو 200 ملیارەی لە بەغدا هاتووە، پارەی هاوپەیمانان پشکی سلێمانی لێدراوە؛ ئینجا لەوێ چی لێکراوە؟ خەڵکی سلێمانی مافی خۆیەتی بپرسێت کوا ئەو پارەیەی لە هەولێرەوە هاتووە و بۆ دابەش نەکراوە؟"
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی ئێمە کردوومانە بزانین بۆ ئەو ستەمە لە سلێمانی کراوە و بەپێی ئەو داتایانەی کە لە حکومەت وەرمانگرتووە، راستییەکەی ئەوە بووە کە بۆ مانگی سێ نزیکەی 900 ملیار بۆ مووچە خەرجکراوە، بەم شێوەیە:
%59ـی داهاتی مانگی 3 لە داهاتی نەوت بووە کە 526 ملیار دینار بووە، 200 ملیار پارەی کاش لە داهاتی نەوت چووەتە سلێمانی بۆ پێدانی مووچە؛ 326 ملیاریش بۆ هەولێر و دهۆک؛ لەو 200 ملیارەی کە لە بەغدا هاتووە 115 ملیار دیناری بۆ هەولێر و دهۆک بووە و 85 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بە کاش بۆ سلێمانی نێردراوە.. کە دابەش نەکراوە مافی خەڵکە بپرسێت بڵێت کوا پارەی ئێمە؟ لە داهاتی نێوخۆش 95 ملیار دینار بۆ هەولێر و دهۆک خەرجکراوە، 72 ملیاریش داهاتی سلێمانی بووە."
هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت: ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە، راست نین. خەڵکی سلێمانی بۆ بەدەستخستنی داتای راست و دروست با بێن داوا لە پەرلەمان بکەن کە نوێنەری هەموو لایەنەکانی تێدایە؛ ئەگەر حکومەت داتایەکی ناڕاست بڵاوبکاتەوە مافی پەرلەمانە لێپێچینەوە لەگەڵ حکومەت بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ