رووداو دیجیتاڵ
ماوەی 12 رۆژە لە گوندی بێستانسوور لە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی، پێنج منداڵی دانیشتووی گوندەکە، کە تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 15 ساڵدایە، لە کاتی گەڕان بەدوای قارچکدا لە دەشتەکانی دەوروبەری گوندەکە، 194سکەی زیویان دۆزیوەتەوە.
بەڵام بەهۆی دۆزینەوەی سکە زیوەکان بەشێک لە دانیشتووانی گوند رووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە.
عادل کەریم، برای یەکێک لەو منداڵانەی سکەکانی دۆزیوەتەوە دەڵێت، "لەگەڵ چوار برادەری دیکەی چوونەتە دەشت بۆ قارچک، لەوێ دۆزیوەنەتەوە و وایانزانیوە سەرە ساردی- سیفۆنە. هێناویانەتەوە و لە رێگە شێر و خەتیان بۆ کردووە. دوای ئەوەی هێناویانەتەوە ماڵەوە پێشانی باوکمیان داوە. لەو کاتەوەی زانیومانە ئاسارە کەسمان نەوێراوین دەستی لێبدەین".
عادل دەڵێت، "دوای ئەوەی دەنگۆکە لە ئاوایی بڵاوبووەوە، ئاسایش سعات 12ـی شەو تەلەفۆنیان بۆ باوکم کرد و 8 رۆژ لە ژوورەوە- زیندان بوو".
برای ئەو کەسە دەڵێت، "جگە لە باوکی ئەو، برای چوار منداڵەکەی دیکەش دەستبەسەرکراون. ئەوەی دەڵێن 600 دنکە و بایی 300 دەفتەرە دوورە لە راستییەوە".
لەسەر دۆزینەوەی سکە زیوەکان، هێزە ئەمنییەکان پێنج منداڵەکە و باوکیان و دوو کەسی دیکە لەگەڵ موختاری گوندەکەیان دەستگیرکردووە، ئێستا خەڵکی بێستانسوور چاوەڕێی بڕیاری دادگا و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن، ئایا ئەم منداڵانە وەکو دۆزەرەوەی شوێنەوار خەڵات دەکرێن، یان وەکو تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟
مەلا ئەحمەد عەزیز، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی بێستانسوور دەڵێت، "جگە لەم منداڵانەو باوکەکانیان، موختاری گوندەکەش دەستگیرکراوە. هەموومان پێمان ناخۆشبوو چەند رۆژێک لە ئاسایش دەستگیرکران و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراون".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، 194 سکە زیوەکە نووسینی عەرەبییان لەسەرە، سەرەتا براونەتە فەرمانگەی شوێنەواری عەربەت و دواتر بە مەبەستی پاراستن و لێکۆڵینەوەی رادەستی ئاسایشی سلێمانی کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ