رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی ئەدیب و نووسەرانی سریان دەڵێ، 120 هەزار کریستیان لە نەینەواوە کۆچیان کردووە بۆ عەنکاوە و دەرەوەی وڵات. دەشڵێت، ''لە کوردستان هەوڵی باشترکردنی دۆخی پێکەوەژیان هەیە.''
شەوی چوارشەممە 24-12-2025، لە کوردستان و جیهان جەژنی کریسمسی کریستیانەکان بەڕێوەچوو. نزیکەی دوو ملیار و 140 ملیۆن کریستیان، جەژنی کریسمسیان پیرۆز کرد.
ئەکەد موراد، سەرۆکی یەکێتیی ئەدیب و نووسەرانی سریان لەکاتی بەشداریکردنی لە رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ کریسمس کە ژیار حەکیم پێشکێشیکرد رایگەیاند، مێژووی پێکەوەژیانی موسڵمان و کریستیانەکان لە کوردستان کۆنە.
دواى داگیرکردنى موسڵ لەلایەن داعشەوە لە 2014، کریستیانەکانی موسڵ ئاوارە بوون. بەگوتەی ئەکەد موراد، ''دۆخی سیاسی و کۆمەڵێک پرسی وەک سەرهەڵدانی داعش کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دۆخی پێکەوەژیان [لە نەینەوا] داناوە و ''هەزاران کریستیان شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە، بەشێکیان هاتوونەتە کوردستان و زۆربەیان چوونەتە دەرەوەی وڵات.''
وەک سەرۆکی یەکێتیی ئەدیب و نووسەرانی سریان گوتی، ئێستا بەشێک لە کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا و موسڵ لە عەنکاوەن، ''ئێستا لە 160 هەزار کریستیان، تەنیا یەک لەسەر چواری خەڵکەکە (40 هەزار کەس) لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.''
ئەکەد موراد لەبارەی کۆچکردنی کریستیانەکان دەڵێت، ''ئەوانەی کە چوونەتە دەرەوەی وڵات، کاریگەرییان لەسەر کەسوکاریشیان هەیە لە نێوخۆ، بۆ ئەوەی ئەوانیش کۆچ بکەن.''
سەرۆکی یەکێتیی ئەدیب و نووسەرانی سریان گۆڕانکاری لە دۆخی ئابووری، ئەمنی و سیاسیی ناوچەی نەینەوا بە پێویست دەزانێت، ''بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان تێپەڕێنن.''
ئەکەد موراد پێیوایە، پێکەوەژیان لە کوردستان و عێراق بەرەو لاوازی چووە، ''بەڵام لە کوردستان هەوڵ بۆ باشترکردنی دەدرێ. هەندێک گرفت هەن، بەڵام دەتوانین گرفتەکان بە قبووڵکردنی یەکدی چارەسەر بکەین.''
کریستیانەکان دەڵێن، پێش 2003 ژمارەیان لە عێراق نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بووە، بەڵام زۆربەیان کۆچیان کردووە و ئێستا تەنیا 250 هەزاریان لە عێراق ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ